بۆ یەكەمجار کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی عێراق له‌ناو فڕۆكه رێنمایی به زمانی كوردی پێشكەش دەكات

پێداچوونەوه به نرخی بلیتی فرۆکەوانيش بكرێ

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە عەباس ناسر مەجید، بەڕێوەبەری ھێلی ئاسمانی عێراقی کرد.

لە دیدارەکەدا تاوتوێی ھەماھەنگی و ھاوکاری ھاوبەشی نێوان دەزگاکانی دەوڵەت و دەسه‌ڵاتی یاسادانان کرا، لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان، ھەروەھا گرنگیدان بە بونیاتنانەوە و چاکسازی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، ئەوەش بەپێی گونجان لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەدا.

حەداد ئاماژەی بەوەشدا کە ھێڵی ئاسمانی کەرتێکی زیندوو و گرنگە، چونکە وەکو ئاوێنەی وڵاتە، پێویستە ھەوڵەکانیش زیاتر بکرێن بۆ دەستنیشانكردنی کێشەکان و چارەسەری پرسە گرنگەکان، ھەروەھا جێبەجێکردنی پلانی راوێژکاران بۆ ئەوەی ھێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لە عێراق بتوانن بڕوانامەی IOSAی نێودەوڵەتی وەربگرن. 

ئاماژەی بەوەشدا ئێمە وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران پاڵپشتی ھەموو رێوشوێنێک دەکەین بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکان، ئەویش لە رێگەی ئەو بڕیار و یاسایانەی بۆ ئەو کەرتە گونجاون، بەھەماھەنگی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمانی تایبەت بەو پرسە، ھەروەھا زیادکردنی ئاسایشی گەشتیاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران ، 

حەداد لەو دیدارەدا داوای لە کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی عێراقی کرد كه رێنماییەكانی ناو فرۆكه به زمانی کوردیش پێشكەش بكرێت، ھەروەھا پێداچوونەوه به نرخی بلیتی فرۆکەوانی لە ناوخۆدا بۆ ھەموو پارێزگاکانی عێراق.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گرنگترین کێشە و گیروگرفتەکانی بەردەمیانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە ھەندێک یاسا و بڕیار ھەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی توانا ھونەری و کارگێڕییەکان فراوانتر بکەن، وه خزمەتگوزارییەكان زیاتر بكەن.

هەروەها رەزامەندیی دەربڕی بۆ زیادكردنی زمانی كوردی، کۆمپانیاکەش سوورە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو مەرجەكان بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئەندامیەتی لە یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی IATA کە بە ئەڵقەی گەیاندنی بازرگانی دادەندرێ، ئەویش بۆ رێکخستنی کارەکان بەپێی ستاندارد و پێوانە نێودەوڵەتیەکان، گەشبینی خۆیشی دەربڕی بۆ کارەکانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەتایبەت لە ھەنگاوەکانی دەستەی سەرۆکایەتی لە پێناو بوژاندنەوەی کەرتە خزمەتگوزاریەکان لە سەرانسەری وڵات.

بەشیر حەداد