ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

لەبارەی داخستنی فەرمانگەكانی باری شارستانی


بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا روونكردنەوە لەسەر دەنگۆی داخرانی فەرمانگەكانی باری شارستانی دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20/1/2019، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: لە بەرواری 17/1/2019دا و لە دوای کۆنگرەی رۆژنامەوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کە ئاماژە دراوە بە نەمان و داخستنی فەرمانگەکانی باری شارستانی، مەبەست لە داخستن و نەمانی فەرمانگەکانی ناوبراو بە پێی ئەو پلان و پرۆژەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی بەغدا باس کراوە و گۆڕینی ناوی فەرمانگەکانی باری شارستانییە بۆ فەرمانگەی کارتی نیشتمانی.

ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان ھەر لە ڕوونکردنەوەکەدا باسی بەوەش کردووە: ئەو فەرمانگانەی کە تا ئێستا نەکراوە بە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی، دەبێت لە سەرجەم قەزا و ناحیەکان بکرێت بە کارتی نیشتمانی، ئەمەش ئێستا پێویستی بە بودجەی تایبەت ھەیە، بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانگەکان بکرێن بە کارتی نیشتمانی.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئێستا کار بە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی دەکرێت، تا سەرجەم فەرمانگەکانی باری شارستانی دەبێت بە کارتی نیشتمانی.