پۆمپیۆ : ‌به‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ گه‌ل كیم جۆنگ ئون گه‌شبینم

نیمچه‌ دوورگه‌یه‌كی بێ له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی ئامانجی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا گه‌شبینه‌ به كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر دوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كۆریای باكور له‌ ڤێتنام. 

ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ دیبه‌یتیكی‌ ته‌له‌فزيۆنی رایگه‌یاندووه‌، هیوادارم له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتووی نێوان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور له‌ هانوه‌ی پایته‌ختی ڤێتنام له‌ باره‌ی داماڵینی چه‌كی ئه‌تۆمی كۆریای باكوور هه‌نگاوێكی میژوویی بهاوێژرێت. 

پۆمپیۆ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ نیمچه‌ دوورگه‌یه‌كی بێ له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی ئامانجی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه‌، كه‌ بۆ دابین كردنی ئاسایشی هاووڵاتیانی ئه‌مریكا پێویسته‌ مه‌ترسییه‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی كۆریای باكور كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و دواتر هه‌وڵ بۆ مسۆگه‌ڕ كردنی داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هاووڵاتیانی كۆریای باكوور بده‌ین. 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌روه‌ها دڵنیایی به‌ هاووڵاتیانی ئه‌مریكیدا كه‌ سزای توندمان به‌سه‌ر كۆریای باكووردا سه‌پاندووه‌. 

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی دڵنیا نه‌بینه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی چه‌كی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته‌ كه‌مبوته‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گوشاری خۆمان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ كه‌م ناكه‌ینه‌وه‌.