زیانی شه‌ڕه‌كانی هه‌شت ساڵی رابردوو 900 ملیار دۆلار بووه‌

له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان

مه‌حمود محییه‌ددین، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، رایگه‌یاند، زیانی ئه‌و وێرانكارییانه‌ی كه‌ له‌ نێوان ٢٠١٠- ٢٠١٨دا له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌ ھۆی شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ ٩٠٠ ملیار دۆلار.

ئاژانسی ھه‌واڵیی KUNA بڵاویكرده‌وه‌، مه‌حمود محییه‌ددین ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، زیانی ئه‌و وێرانكاری و ده‌رفه‌تی گه‌شه‌سه‌ندن كه‌ له‌ده‌ستچووه‌ به‌ ھۆی ھه‌شت ساڵ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی یه‌كجار زۆره‌ به‌جۆرێك گه‌یشتووه‌ته‌، ٩٠٠ ملیار دۆلار.

دوای سه‌رھه‌ڵدانی به‌ھاری عه‌ره‌بی له‌ یه‌مه‌ن، سووریا و لیبیا له‌ ساڵی ٢٠١١دا، ئه‌و وڵاتانه‌ رووبه‌ڕووی شه‌ڕ و پێكدادان بوونه‌وه‌ كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئابووری و ژێرخانی ئه‌و وڵاتانه‌ دروستكردووه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ش شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی دژبه‌ رێكخراوی داعش له‌ سووریا و عێراق، ژێرخانی ئه‌و دوو وڵاته‌ی رووبه‌ڕووی وێرانكاری زۆر كردووه‌ته‌وه‌.

جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، مه‌حمود محییه‌ددین باسی له‌وه‌شكرد كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ئادایه‌كی زۆر خراپیان له‌سه‌ر ئاستی جیھان له‌ رووی دابه‌شكردنی داھاته‌وه‌ تۆماركردووه‌، به‌جۆرێك ١٠ له‌سه‌دای ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ستیان به‌سه‌ر ٦٠ له‌سه‌دای داھاتی نه‌ته‌وه‌ییدا گرتووه‌، به‌راورد به‌ ٤٥ له‌سه‌دا له‌ ئه‌ورووپا.

مه‌حمود محییه‌ددین راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینیكردووه‌، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌ ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بگاته‌ ٦٩ بۆ ٧٤ دۆلار.