دەزگای مین له‌هه‌مه‌مبه‌ر مه‌ترسی مین له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كاندا هۆشدارى ده‌داته‌ هاولاتیان

له‌كاتى دیتنى مین پەیوەندی بە دەزگای مین یان هێزە ئەمنییەكانەوە بكەن

دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان بەهۆی هاتنەوەی وەرزی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهاری و مەترسی ناوچە شاخاوییە مینڕێژكراوەكان، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان.

لە ڕاگەیەندراوێكی دەزگای گشتیی كاروباری میندا، هاتووە" بەهۆی نزیكبوونەوە لە وەرزی بەهارو چوونی هاووڵاتیان بۆ گەشت و سەیران و كردنی گژوگیا بەهارییەكان، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بپارێزن لەو ناوچانەی مەترسی بوونی مین و تەقەمەنییان لێ‌ دەكرێت، چونكە تاوەكو ئێستاش بەشێكی زۆر لە ناوچە شاخاوییەكان كاریگەری و مەترسی بوونی مین و تەقەمەنیان لێ‌ دەكرێت و ساڵانە بەشێك لە هاووڵاتیان دەبنە قوربانی و گیان لەدەست دەدەن".

دەزگای مین داوای لە هاووڵاتیان كردووە لە كاتی بینینی مین و تەقەمەنی لێی نزیك نەبنەوە و پەیوەندی بە دەزگای مین یان هێزە ئەمنییەكانەوە بكەن بۆ ئەوەی كاری پێویستیان بۆ ئەنجام بدەن.