سوپای ئه‌مریكا دوو مووشه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو تاقی ده‌كاته‌وه‌

مه‌وداكه‌ی له‌ نێوان سێ بۆ چوار هه‌زار كیلۆمه‌تردا ده‌بێت

سوپای ئه‌مریكا تاقیكردنه‌وه‌ بۆ دوو مووشه‌ك ده‌كات كه‌ به‌پێی په‌یماننامه‌ی مووشه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی مامناوه‌ند مه‌ودا قه‌ده‌غه‌ كراون.

ئاژانسی Associated Press له‌ هه‌واڵێكدا، پشتبه‌ستن به‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌رپرسان ناوی مووشه‌كه‌كانیان ئاشكرانه‌كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان هه‌زار كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی نزم و ئه‌وه‌كه‌ی دیكه‌یشیان مووشه‌كێكی بالیستیكی ده‌بێت كه‌ مه‌وداكه‌ی له‌ نێوان سێ بۆ چوار هه‌زار كیلۆمه‌تردا ده‌بێت.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ هیچ یه‌ك له‌و دوو مووشه‌كه‌ كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی له‌خۆ ناگرن و ئه‌و مووشه‌كه‌ی كه‌ مه‌وداكه‌ی هه‌زار كیلۆمه‌تره‌ له‌ مانگی ئابدا تاقیكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ میانی ١٨ مانگدا چالاك ده‌كرێت.

به‌شێكی مووشه‌كه‌ بالیستیه‌كه‌ش له‌ مانگی تشرینی دووه‌مدا تاقیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا ده‌خرێته‌ كار.