سبه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی یه‌كه‌م گه‌شتی خۆی وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجامده‌دات

وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران

سبه‌ی هه‌ینی، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، یه‌كه‌مین گه‌شتی خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌نجامده‌دات، ئه‌م گه‌شته‌ش یه‌كه‌مین سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراقه‌ كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌نجامی بدات له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌. 

له‌و باره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند: عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌یاوه‌ری شاندێك سه‌ردانی قاهیره‌ی پایته‌ختی میسڕ ده‌كات. 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌گه‌ڵ عه‌بدول فه‌تاح ئه‌لسیسی سه‌رۆكی وڵاتی میسڕ و مسته‌فا مه‌دبولی سه‌ركوه‌زیرانی میسڕ كۆده‌بێته‌وه‌ و كفتوگۆ له‌باره‌ی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانیان و به‌تایبه‌تی له‌ دۆسیه‌یی ئابووری و دۆسیه‌ی هه‌واڵگری بۆ‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان ده‌بێت. 

ئه‌و سه‌رچاوه‌ ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای ئوردن له‌كاتی سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ میسڕ سه‌ردانی قاهیره‌ بكات و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌نێوان عه‌بدولمه‌هدی و سیسی و شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م به‌ڕێوه‌بچێت.