سینه‌ماكارانی كورد خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكاری ئه‌فریقیايان به‌ده‌ستهێنا

"گوڵ نیسا" تا ئێستا له‌ 25 فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم له‌ ئاستی جیهان به‌شداریی كردووه‌،

 ڕێوڕه‌سمی پێشكه‌ش كردنی خه‌ڵاته‌كانی دووهه‌مین خولی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی سینه‌ماییه‌كانی "دارالسلام" ناسراو به‌ ئۆسكاری ئه‌فریقا له‌ ناوه‌ندی كه‌لتوور و هونه‌ری شاری میلیمانی له‌ پارێزگای دارالسلام له‌ وڵاتی تانزانیا به‌ڕێوه‌چوو و خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی خۆی پێشكه‌ش به‌ براوه‌كانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان كرد.

خاتوو "ڤیدا ساڵحی" سیناریۆنووسی فیلمی سینه‌مایی "گوڵ نیسا" خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ و "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ"، خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی سینه‌ماییه‌كانی "دارالسلام" ناسراو به‌ ئۆسكاری ئه‌فریقایان به‌ده‌ستهێنا.

فیلمی سینه‌مایی "گوڵ نیسا" Golnesa یه‌كه‌مین فیلمی بڵندی سینه‌ماكاری كورد "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" و له‌ نووسینی سیناریۆی سینه‌ماكاری كورد "ڤیدا ساڵحی"، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وێنه‌گرتنی "محه‌مه‌د فه‌كووری" و به‌ ڕۆڵ بینینی سه‌عید داخ، عه‌لی محه‌مه‌د ڕادمه‌نێش، یه‌گانه‌ ره‌جه‌بی، ساقی زینه‌تی، مه‌سعوود محه‌مه‌دی، ویدا عه‌موویی، له‌ نوێترین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له‌ دووهه‌مین خولی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی سینه‌ماییه‌كانی "دارالسلام" ناسراو به‌ ئۆسكاری ئه‌فریقا به‌شداریی كرد و دوو خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌ له‌وانه‌: خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خاتوو "ڤیدا ساڵحی" و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی بۆ "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ"ی به‌ده‌ستهێنا.

فیلمی سینه‌مایی "گوڵ نیسا" وه‌كوو ته‌نیا نوێنه‌ری سینه‌مای ئێران، ئه‌مساڵ له‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداریی كرد و له‌ سێ به‌شی باشترین سیناریۆ "ڤیدا ساڵحی"، به‌شی باشترین به‌ڕێوه‌به‌ریی فیلمهه‌ڵگرتن "محه‌مه‌د فه‌كووری" و به‌شی باشترین ده‌رهێنان "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" كاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵات بوو كه‌ له‌ كۆتاییدا له‌ به‌شه‌كانی باشترین سیناریۆ و باشترین ده‌رهێناندا خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئۆسكاری ئه‌فریقا به‌ده‌ستهێنا.

ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ ساڵانه‌یه‌ كه‌ به‌ ئۆسكاری ئه‌فریقا ناسراوه‌، هه‌موو ساڵێك له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی كه‌لتوور و هونه‌ریی تانزانیا و كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی Azam PayTV Limited و سینه‌مایی "زێتۆ" Zetu بۆ ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوو فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی به‌ شێوه‌ی گشتیی بۆ خه‌ڵك نمایشكرا.

ئه‌مساڵ له‌ به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا 31 فیلمی بڵندی سینه‌مایی له‌ 19 وڵاتی جیهان وه‌رگیران كه‌ به‌ ماوه‌ی دوو مانگ نمایشكران و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێندران

فیلمی سینه‌مایی "گوڵ نیسا" تا ئێستا له‌ 25 فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم له‌ ئاستی جیهان به‌شداریی كردووه‌، له‌وانه‌: فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم "مۆنتڕاڵ" له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا، خه‌ڵاته‌كانی ئاسیا په‌سیفیك له‌ وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی "ڕێمی" له‌ ولاتی ئه‌مه‌ریكا، فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم "كازان" له‌ وڵاتی ڕووسیا، فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بریزیان" له‌ وڵاتی ئوستوڕڵیا و هه‌روه‌ها چه‌ندین فێستیڤاڵی دیكه‌.

"گوڵ نیسا" به‌ به‌شداریی له‌م فێستیڤاڵانه‌ 11 خه‌ڵاتی جیهانی له‌ به‌شه‌كانی باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان، باشترین به‌ڕێوه‌به‌ریی وێنه‌گرتن، باشترین ئه‌كته‌ری پیاو و باشترین ئه‌كته‌ری كچی به‌ده‌ستهێناوه‌ و هه‌روه‌ها له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمیش كاندیدی باشترین سیناریۆ بووه‌، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی زێڕینی "ڕێمی" Remi بۆ باشترین "فیلمسازی سه‌ربه‌خۆ" بۆ "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" ده‌رهێنه‌ری سنه‌یی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی په‌نجا و یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "هۆستۆن" Worldfest له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین "ئه‌كته‌ری پیاو" بۆ "عه‌لی محه‌مه‌د ڕادمه‌نێش" ئه‌كته‌ری ئه‌م فیلمه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ڕخنه‌گرانی سینه‌مای ئه‌مه‌ریكا، خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان بۆ "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" و باشترین به‌ڕێوه‌به‌ریی وێنه‌گرتن بۆ "محه‌مه‌د فه‌كووری" له‌ به‌شی پێشبڕكێی چوارده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "كازان" له‌ وڵاتی ڕووسیا، خه‌ڵاتی باشترین فیلم و باشترین ئه‌كته‌ری كچ بۆ خاتوو "یه‌گانه‌ ڕه‌جه‌بی" ئه‌كته‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ له‌ به‌شی پێشبڕكێی "فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان" له‌ یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه‌ "داهێنه‌رانه‌" Innovation له‌ وڵاتی سویسڕا، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی پێشبڕكێی "فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان" له‌ حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بێ توندووتیژی" Nonviolent له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا، خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كچ بۆ خاتوو "یه‌گانه‌ ڕه‌جه‌بی" له‌ پازده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "سالێنتۆ" Salento له‌ وڵاتی ئیتاڵیا و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین به‌ڕێوه‌به‌ریی وێنه‌گرتن بۆ "محه‌مه‌د فه‌كووری" له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "پرۆلۆگ" تاشكه‌ند له‌ وڵاتی ئۆزبه‌كستان

ktv 

هه‌ندێك له‌ ستافی ئاماده‌كردنی فیلمی بڵندی چیرۆكی "گوڵ نیسا" بریتین له‌:

ده‌رهێنه‌ر: سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ، نووسه‌ری سیناریۆ: ڤیدا ساڵحی، به‌ڕێوه‌به‌ریی فیلمهه‌ڵگرتن: محه‌مه‌د فه‌كووری، ده‌نگهه‌ڵگر و ده‌نگدانه‌ر: بێهرووز موعاونیان، مونتاژ: كاوه‌ عه‌زیزی، ئاوازدانه‌ر: كاره‌نگ كه‌رباسی، به‌رپرسی پلان: حوسێن مه‌رزبان، دیزاینی میكیاژ: ڤیدا ساڵحی، به‌رپرسی به‌رهه‌م: مه‌ریه‌م قاسم ئابادی، یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر: سیاوه‌ش ره‌مه‌زانلوو، یاریده‌ده‌ری دووهه‌می ده‌رهێنه‌ر: محه‌مه‌د تۆریوه‌ریان، چاككردنی ڕه‌نگ: سامان مه‌جدوه‌فایی، لابراتواری دیجیتاڵ: مێهرداد سوله‌یمانی، مونشی سه‌حنه‌: مه‌ریه‌م رووزبه‌هانی، یاریده‌ده‌رانی فیلمهه‌ڵگر: حوسێن سادقی، حه‌مید محه‌مه‌دزاده‌، ناسح عه‌بدوڵڵاهی، ئه‌حمه‌د ره‌زا سادقی، یاریده‌ده‌ری ده‌نگ: سوهه‌یل حوسێن خانی، جێگری به‌رهه‌م: عه‌باس ئه‌بوویه‌سانی، به‌رپرسی سه‌حنه‌: حامید ئه‌حمه‌دی، ئه‌رشیفی جلووبه‌رگ: تاهیره‌ سه‌روه‌ری، گرووپی ته‌داره‌كات: كه‌یهان عه‌لیزاده‌، عه‌لی قودره‌تی، هاتووچۆ: سه‌عید مورادی، ئه‌كته‌ره‌كان: سه‌عید داخ، عه‌لی محمه‌مه‌د ڕادمه‌نێش، یه‌گانه‌ ره‌جه‌بی، ساقی زینه‌تی، مه‌سعوود محه‌مه‌دی، ویدا عه‌موویی و ...، به‌ڕێوه‌به‌ریی ڕاگه‌یاندنی گشتیی: مه‌نسوور جیهانی و مه‌نووچێهر جیهانی و به‌رهه‌مهێنه‌ران: سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ و یۆسف كه‌ره‌می، به‌رهه‌می: كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلمی سنه‌".

 ئا/ مه‌نسوور جیهانی

دارشتنه‌وه‌ی/ كامران