ئەنجوومەنی سەربازیی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی سوودان کاندیدی نابێت

حکوومەتی سوودان لە لایەن سیاسییەکانەوە پێکدەهێنرێت

گوتەبێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی راگوزەر لە سوودان، جەنەڕاڵ شەمسەددین کەباشی رایگەیاند، حکوومەتی سوودان لە لایەن سیاسییەکانەوە پێکدەهێنرێت و لە لایەن ئەنجوومەنەوە هیچ کاندیدێکی بۆ دیاری ناکرێت.

جەنەڕاڵ شەمسەددین کەباشی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەو بڕیارانەی داویانە قسەی کرد.

گوتەبێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی راگوزەر لە سوودان ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی داهاتوو لە لایەن گرووپ و لایەنە سیاسییەکانەوە پێک دێت و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی راگوزەر هیچ کاندیدێکی نابێت.

گوتەبێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی راگوزەر لە سوودان ئاماژەی بەوە داوە ک ئەبوبەکر مستەفا وەک بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایش جێگیرکراوە و ئاشکرایکرد کە چەند گۆڕانکارییەکیان لە بواری ئاسایش و هەواڵگریدا ئەنجامداوە.

شەمسەددین كەباشی رایگەیاند، ژمارەیەك لیژنەی سەربە ئەنجوومەنەكە پێكهێندراون و لیژنەكانی ئابووری و پەیوەندییەكانی دەرەوەی بە نموونە هێنایەوە.

گوتەبێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی راگوزەر لە سوودان راشیگەیاند، بە هۆی ئەوەی یاسای "دیمەنی گشتی و شێوازی جلوبەرگ" بە هۆی پێشلكردنی مافی مرۆڤەوە رووبەڕووی رەخنەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بووەتەوە، بڕیاریانداوە سەرلەنوێ چاوی پیادا بخشێننەوە.

شەمسەددین كەباشی گوتی: "پارێزگاریكردن لە خۆپیشاندەران بەرپرسیارێتیی ئێمەیە" و هۆشدارییدا لە خۆپیشاندان و رێپێوانە رێپێدراوەكاندا، رێگە نادرێت پرد و رێگاكان دابخرێت.

گوتەبێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی راگوزەر لە سوودان ئاماژەی بەوەشدا كە لە چەندین لایەنەوە بەڵێنی هاوكارییان پێدراوە لەم قۆناغەدا.
سه‌رچاوه‌ - AA
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز