فه‌زای نمایش له‌ شانۆیی (باوك) دا

گومان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌لاله‌ته‌ سایكۆلۆژیه‌كان

خوێندنه‌وه‌ی/ د.ژیلوان تاهیر

فه‌زای نمایش سه‌رجه‌م ره‌گه‌زه‌ كانی بینراوو بیستراوو نوسراوی نمایش له‌ خۆی ده‌گرێت كه‌هه‌ریه‌ك له‌و ره‌گه‌زانه‌ رۆڵی گرنگ ده‌بینن له‌ هاوكێشه‌ی پێك هێنانی نمایشی شانۆیی.

نوسه‌ری ناوداری سویدی سترێندبێرگ به‌یه‌كێك له‌ نوسه‌ره‌ جیهانیه‌كانی شانۆی نوێ داده‌نرێت كه‌سه‌رجه‌م تێكسته‌كانی، له‌بازنه‌یه‌كی كراوه‌دا تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ململانێكانی تاكه‌كانی ناو كۆمه‌لگاو له‌نێوان واقیع و خه‌ون و خه‌یاڵ و ده‌لاله‌ته‌ فیكری و فه‌لسه‌فیه‌كاندا ئاوێته‌ی ئه‌وچركه‌ساتانه‌ ده‌بن كه‌ ژیان و ئازاره‌كانی هه‌ردوكیان كێشه‌ن بۆ بوونی مرۆڤه‌كان،وه‌هه‌میشه‌ یه‌كه‌كانی كات و شوێن نادیارن وه‌به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئاینی و سیاسی روبه‌روی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ش باجه‌كه‌ی ده‌دات،له‌شانۆیی( باوك) دا

گومان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌لاله‌ته‌ سایكۆلۆژیه‌كان كه‌ پرسیاره‌كان بێ وه‌ڵامن و وه‌ڵامه‌كانیش كراوه‌ن له‌ زیهنی بینه‌ردا له‌هه‌مان كاتدا باس له‌ هێزو خۆسه‌پاندن ده‌كات هه‌ربۆیه‌ هه‌موو شتێك له‌ پێناو مانه‌وه‌یه‌،ژیانی سترێندبرێگ له‌ شانۆیی (باوك)دا ره‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان ئافره‌ت وپیاوه‌ وه‌كو دوو ره‌گه‌زی گرنگی ناو كۆمه‌ڵگا كه‌ نه‌ده‌توانن یه‌كتر بخوێننه‌وه‌و نه‌ ده‌شتوانن ده‌سبه‌رداری یه‌كتر بن هه‌ربۆیه‌ به‌رده‌وام یه‌كتر تاوانبار ده‌كه‌ن و نهێنیه‌كانیان بۆیه‌كتر ئاشكراناكه‌ن هه‌ربۆیه‌ دوو جه‌مسه‌ری یه‌كتر بڕن و به‌گومانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر مامه‌له‌ ده‌كه‌ن .

ktv

ئه‌كته‌ره‌كانی نمایش خاوه‌ن ئه‌زمونێكی له‌مێژینه‌یان هه‌یه‌ له‌نواندن هه‌ربۆیه‌ توانیبویان میزانسین و ریتمی دیمه‌ن و تابلۆكان رابگرن وه‌له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی فیكری و هونه‌ری وئیستاتیكی خۆیان بنوێنن،ده‌رهێنه‌ری شانۆییه‌كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌كته‌ره‌كان بۆ ده‌وره‌كان زۆر سه‌ركه‌وتو بوو به‌ڵام له‌روی ده‌رهێنانه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر هیچ میتۆدێكی شانۆیی نه‌كردبوو به‌ڵكو هه‌وڵی دابوو شیكردنه‌وه‌ی ته‌فسیری پراكتیكی بۆ ده‌قه‌كه‌ بكات كه‌ده‌كرا له‌رێگه‌ی ته‌كنیكی هونه‌ری و فه‌نتازیاوه‌ زیاتر ئه‌و جیهانه‌ سیحریه‌ی (سترێندبرێگ)له‌ناو هێماو ئاماژه‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات،كه‌ ره‌گه‌زه‌كانی بینین و بیستنی بینه‌ر جوانتر تێر بكات كه‌ سترینبێرگ هه‌میشه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینی.به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر زیاتر هه‌وڵی دابوو له‌ڕێگه‌ی ئه‌داو جوله‌ی ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ سه‌رنجی بینه‌ر بۆناو روداوه‌كان رابكێشێ و چێژی لێ وه‌ربگرن .وێنه‌ی ناو دیمه‌نه‌ شانۆییه‌كان پێویستیان به‌موزیك و كارتێكه‌ره‌ ده‌نگیه‌كانی زیاتر بوو چونكه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر باری سایكۆلۆژی ئه‌كته‌ره‌كان به‌ره‌و لوتكه‌ ده‌چوو .به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌گه‌زه‌كانی سینۆگرافیا زۆر ساده‌و ساكار بوون به‌ڵام مامه‌له‌ كردنی ئه‌كته‌ره‌كان له‌ناو فه‌زای سینۆگرافیادا ئه‌م بۆشاییه‌ی پڕ كردبۆوه‌ به‌ڵام دابه‌ش كردنی كه‌ره‌سته‌كانی سه‌رته‌خته‌ی شانۆ ته‌وازنێكی گونجاوی هه‌بوو له‌ گه‌ڵ هێله‌كانی ده‌رهێناندا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی لاكێشه‌یی دارێژرابوو،ئه‌وه‌ی زۆر كاریگه‌ر بوو له‌م نمایشه‌دا به‌ركه‌وتنی ئه‌كته‌ره‌كان له‌ ململانێیه‌كی قولی درامیه‌كاندا.

به‌ئاراسته‌ی لوتكه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كان بینه‌ری توشی خرۆشان كردبوو كه‌ ئه‌مه‌ش گریمانێكی سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌ كه‌ بوو به‌ ئاراسته‌یه‌ك كه‌ ئه‌م یاریه‌ نه‌سه‌ره‌تاو نه‌ كۆتایی هه‌یه‌ وه‌ نه‌ برنه‌وه‌و نه‌ دۆراندنی تێدایه‌ هه‌ربۆیه‌ بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان زمانی گفتوگۆو سه‌لماندن باشترین رێگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی تاكه‌كانی ناو كۆمه‌لگا ئه‌و به‌نجه‌ سركه‌ره‌ به‌ریان بدات و بێنه‌وه‌ هۆش خۆیان و هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌لكێشن و دوباره‌ عه‌قڵی خۆیان فۆڕمات بكه‌نه‌وه‌ تاكو توشی هێستریاو شیزو فرۆنیا نه‌بن وه‌ له‌شه‌ردا بێده‌نگی هه‌ڵبژیرن و له‌ كاتی ئاشتیدا بیر بكه‌نه‌وه‌ .دوا وشه‌م رێزو سوپاس و پیرۆزباییه‌ بۆ ئه‌م ستافه‌ جوانه‌ی شانۆی (باوك).

شانۆی "باوك" له‌  نوسینی،ئۆگست سترێندبێرگ  و وه‌رگێرانی ، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی ،ده‌رهێنانی ،سدیق عه‌زیز ،به‌رهه‌می ،كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد-یۆتۆبۆری،له‌ شاری سلێمانی نمایش كرا.

 كوردستان تیڤی/ كامران