چین رۆبۆتێكی وشكاوی سه‌ربازیی دروست ده‌كات

درێژی 12مه‌تر ده‌بێت

كۆمپانیای "CSIC " ی چینی رۆبۆتێكی وشكاوی زنجیرداری شه‌ڕكه‌ری له‌جۆری "Marine Lizard" دروست كردووه‌.

رۆژنامه‌ی "Global Times" بڵاویكرده‌وه‌، رۆبۆته‌كه‌ له‌ هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌ پێویسته‌كان ده‌رچووه‌ و مۆڵه‌تی به‌كارهێنانی پێدراوه‌ و راده‌ستی سوپای چین كراوه‌.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، درێژی ئه‌و رۆبۆته‌ 12مه‌تر ده‌بێت و خێراییه‌كه‌ی له‌ هه‌رد و بانان، 20 كیلۆمه‌تره‌ له‌ كاتژمێرێكدا و خێرایی له‌ ئاودا 50 گرێی ده‌ریاییه كه‌ هه‌ر گرێیه‌ك ده‌كاته‌ 1852 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا.

به‌رله‌وه‌ی رۆبۆته‌كه‌ به‌نێو ئاودا بڕوات، زنجیره‌كه‌ی له‌ناو جه‌سته‌یدا ده‌شارێته‌وه، به‌مه‌ش ده‌توانێ وه‌ك به‌له‌مێكی ئاسایی رێ بكات‌ و، توانای رۆیشتنی 1200 كیلۆمه‌تریشی هه‌یه‌ له‌ وشكانیدا.

رۆبۆته‌كه‌، دوو ره‌شاش و سه‌كۆیه‌كی ستوونی له‌سه‌ره‌ بۆ هاویشتنی مووشه‌كی دژه‌ كه‌شتی و دژه‌ فڕۆكه‌، هه‌روه‌ها هه‌ردوو سیسته‌می چاودێری ئه‌لیكترۆنی و چاودێری ئاسایی تێدایه‌.

ئه‌مه‌و، سوپای چین به‌نیازه‌ ئه‌م رۆبۆته‌ له‌ هێزه‌كانی پاسه‌وانیی كه‌ناراوه‌كان و به‌رگری ئاسمانیی مه‌ودا كورت به‌كاربێنێت.

سه‌رچاوه‌/ Kurdistan CT

كوردستان تیڤی / كامران