نێرده‌ی ئه‌مریكا: ئه‌وه‌ درۆیه‌ كه‌ به‌شێك له‌ بیابانی سینا ده‌ده‌ین به‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان

چاوه‌ڕوان ده‌كرێ پلانه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌مزووانه‌ رابگه‌یه‌نرێت

جێیسۆن گرین بلات نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رۆژی رابردوو وتی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌و پلانی ئاشتییه‌ی كه‌ دۆناڵد ترامپ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دایڕشتووه‌، به‌شێك له‌ بیابانی سینای میسڕ ده‌ده‌ین به‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ راست نییه‌.

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ده‌نگۆ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی پلانی ئاشتیی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پانتایی كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌ لكاندنی به‌شێك له‌ خاكی بیابانی سینا زیاتر ده‌بێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ گرین بلات له‌سه‌ر هه‌ژماری تویته‌ری خۆی نووسیویه‌تیی: من ئه‌و ده‌نگۆیه‌م بیستووه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌گوێره‌ی پلانه‌كه‌ به‌شێك له‌ بیابانی سینا بدرێت به‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ درۆیه‌ك زیاتر هیچی دیكه‌ نییه‌.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ پلانه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌مزووانه‌ و له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی هاوپه‌یمانیی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل له‌ مانگی حوزه‌یراندا رابگه‌یه‌نرێت.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی /  مه‌سعود

سه‌رچاوه‌ / عه‌ره‌بییه‌