فیلمێكی كوردی دۆكیۆمێنتاری ده‌چێته‌ ڤێستيڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ ده‌رهێنانی تاریق تۆفیق

فیلمی دۆكیۆمێنتاری كوردی  (هه‌نگاوه‌ نادیاره‌كان)  له‌ هه‌ژده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی به‌یروت به‌شدار ده‌بێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی فێستیڤاڵی به‌یروت فیلمی دۆكیۆمێنتاری (هه‌نگاوه‌ نادیاره‌كان) له‌ده‌رهێنانی (تاریق تۆفیق) له‌ هه‌ژده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی به‌یروت له‌ به‌شی پێشبركێی فیلمی دۆكیۆمێنتاری به‌شداری ده‌كات.

فیستیڤاڵی به‌یروت ساڵانه‌ له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ساڵی 2018 به‌هۆی خراپی ره‌وشی بارودۆخی ناوخۆیی لوبنانه‌وه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌رێوه‌نه‌چوو بریاره‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵ به‌به‌شداری فیلمی وولاتانی جیهان به‌رێوه‌بچێت.

فیلمی (هه‌نگاوه‌ نادیاره‌كان) فیلمێكی دۆكیۆمێنتارییه‌ و باس له‌چیرۆكی ئه‌و خێزان و گه‌نجانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ ڕێگه‌ی نایاسایی ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ وڵاتانی ئه‌ورووپاو هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ نیشانده‌دات كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ توشیان ده‌بێت، له‌ناو فیلمه‌كه‌شدا قاچاخچییه‌ك باس له‌چۆنیه‌تی ناردنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌كات له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ئه‌ورووپا.

فیلمی دۆكیۆمێنتاری (هه‌نگاوه‌ نادیاره‌كان) له‌ده‌رهێنانی تاریق تۆفیق به‌رهه‌می ساڵی 2017ه‌یه‌، كاری وێنه‌گرتنی له‌ سلێمانی و توركیا له‌لایه‌ن تاریق تۆفیق – هێڤی عه‌زیز بۆ كراوه‌، تائێستا به‌شداری له‌چه‌ند فیستیڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌و له‌خولی دووه‌می فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌شداریكرد و خه‌ڵاتی تایبه‌تی فیستیڤاڵی وه‌رگرت، هه‌روه‌ها له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌لجیكا له‌به‌شی پێشبركێ به‌شداریكرد و هه‌روه‌ها براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین فیلم بووه‌ له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی (هۆگا كۆستن) له‌ ووڵاتی سوید، له‌ فێستیڤاڵی قودسی نێوده‌وڵه‌تیش به‌شداریكردووه‌.

سه‌رچاوه‌/  هه‌ولێر

 داڕشتنه‌وه‌ی / كامران