سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق شاندێك ڕه‌وانه‌ی ئه‌مریكا و ئێران دەكات

بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا شاندێك ڕه‌وانه‌ی تاران و واشنتۆن ده‌كه‌ین.
 
لە کۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا ئەمڕۆ سێشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، شاندێك ڕەوانەی تاران و واشنتۆن دەکەین بەمەبەستی کۆتایهێنان بە گرژیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

گوتیشی: هیچ گروپ و لایەنێك نییە لە عێراق هانی شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بدات و ئێمەش بەرپرسیارێتمان لەئەستۆدایە، كە ئەویش پارێزگاریكردنە لە عیراق و دوورخستنەوەیەتی لە مەترسی جەنگ.

ده‌شڵێت: زۆر گرنگە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بکەین بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە.

ئاماژەی بەوەشدا: لەکاتی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، دەبێت بەدوای رێگەیەکی تردا بگەڕێین بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت.

باسی لەوەشكرد، بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانیش بۆ ئێمە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە شەڕیان ناوێت.

ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، لەگەڵ گرژبوونى زیاترى پەیوەندییەکانى تاران و واشنتۆن، بەرپرسانى عێراق جەختدەکەنەوە کە نابن بە بەشێک لەو ململانێیە و هەوڵى چارەسەرى گرژییەکان دەدەن.

و: سامان زاهیر