هادی عامری داوا لە ئەمریکا ده‌كات هێزەکانی لە کەنداو بکێشێنێتەوە

عامری: لە ئەگەری روودانی شەڕ، عێراق دۆڕاوی یەکەم دەبێت

هادی عامری ئەمنیداری گشتیی رێکخراوی بەدر داوای لە ئەمریکا کرد هێزەکانی لە کەنداو بکێشێنێتەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کار بۆ رێگریکردن لە شەڕی ئەمریکا و ئێران بکەن. 

لە میانی ئاهەنگی 38 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر کە ئێوارەی دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، هادی عامری گوتی، لەسەر ئەمریکا پێویستە هێزەکانی خۆی لە کەنداو بکێشێنێتەوە و دەڵێت "با ئەمریکا واز لە بەسەربازگەکردنی ناوچەکە بێنێت".

هاوکات، عامری گەمارۆکانی سەر ئێرانی رەتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کاربکەن بۆ رێگریکردن لە روودانی شەڕ. 

ئەمنیداری گشتیی رێکخراوی بەدر باسی لەوەشکرد لە ئەگەری روودانی شەڕ عێراق دۆڕاوی یەکەمی شەڕەکە دەبێت.

قسەکانی عامری لەکاتێکدایە بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا داوای لە پێنتاگۆن کردووە پێنج هەزار سەرباز رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، پێنتاگۆنیش رایگەیاندووە، تاوتوێی پێشنیازەکە دەکات.

هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردوو هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس لینکڵن، کە توانای هەڵگرتنی دەیان فڕۆکەی جەنگی بی52ی  هەیە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی مارێنز مەشقی سەربازی ئەنجامداوە.