عه‌لى لاریجانى بۆ جارێكی دیكه‌ ‌به‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى ئێران هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌

لاریجانی 50 ده‌نگ زیاترى به‌ده‌ستهێنا به‌سه‌ر رکابه‌ره‌که‌یدا

عه‌لی لاریجانى له‌ هه‌ڵبژاردنى ساڵى چواره‌مى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى ئێران به‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ .

عه‌لى لاریجانى 155 ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا له‌ کۆى 274 ده‌نگى په‌رله‌مانتارانى ئێران و محه‌ممه‌د ره‌زا عارف كاندیدی فراکسیۆنى ئومێد 105 ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا و لاریجانی 50 ده‌نگ زیاترى به‌ده‌ستهێنا به‌سه‌ر رکابه‌ره‌که‌یدا .

هه‌روه‌ها لاریجانى له‌دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتارانى به‌ده‌ستهێنا وتی: سوپاسى به‌خشینه‌وه‌ى متمانه‌تان ده‌که‌م هیوادارم له‌و ساڵه‌ى که‌ له‌پێشمانه‌ به‌ پشتیوانى و هه‌وڵى ئێوه‌ بتوانین ئه‌و کێشه‌ و گرفته‌ گرنگانه‌ى له‌پێشمانن چاره‌سه‌ریان بکه‌ین . 

هاوكات سه‌رۆکى په‌رله‌مانى ئێران هیواى خواست، کێشه‌ ئابوورییه‌کانى خه‌ڵکى ئێران چاره‌سه‌ربکرێن بگه‌نه‌ ئامانجى خۆیان . 

شیاوی ئاماژه‌یه‌ ماوه‌ى هه‌ر خولێکى په‌رله‌مانى ئێران چوار ساڵه‌ و هه‌موو ساڵێک به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێنه‌وه‌ .