ئافره‌تێكی چینی ته‌مه‌ن ٧٥ ساڵ به‌ په‌ره‌شووت به‌ ئاسمانی توركیادا فڕی

له‌ به‌رزایی ھه‌زار و ٧٠٠ مه‌تره‌وه‌

ئافره‌تێكی چینی كه‌ته‌مه‌نی ٧٥ ساڵه‌، ئه‌زموونێكی نوێی له‌ ژیانیدا تاقیكرده‌وه‌ و بۆ كێبڕكێی گه‌نجه‌كان له‌ رێگه‌ی په‌ڕه‌شووته‌وه‌ به‌ ئاسمانی ناوچه‌ی ئۆلوده‌نیز، له‌ پارێزگای مۆغلا، فڕی.

وانگ كیلینگ له‌ به‌رزایی ھه‌زار و ٧٠٠ مه‌تره‌وه‌ له‌سه‌ر چیای باباداغ به‌ ھاوڕێیه‌تی په‌ڕه‌شووتوان، بارش ئاكسۆی خۆی ھه‌ڵدا و بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر له‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا به‌ په‌ڕه‌شووت فڕی.

كیلینگ كه‌ به‌ دڵێكی خۆشه‌وه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ نیشته‌وه‌، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسه‌ی كرد و گوتی:" كاتێك بینیم گه‌نجه‌كان به‌ په‌ڕه‌شووت به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌فڕن، بڕیارمدا منیش ئه‌و یارییه‌ تاقیبكه‌مه‌وه‌ و ھیچ ترس و دڵه‌راوكێیه‌كم نه‌بوو، له‌ ئاسمانه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و چیاكانم بینی، توركیا زۆر جوانه‌".

له‌لای خۆیه‌وه‌ ئاكسۆی باسی له‌وه‌كرد، كیلینگ له‌ گه‌شته‌كه‌یدا زۆر له‌سه‌رخۆ و ئارام بووه‌ و له‌ ته‌واوی گه‌شته‌كه‌یدا گوێڕایه‌ڵی كردووه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ندجارێك ئاراسته‌كردنی په‌ڕه‌شووته‌كه‌ی راده‌ستكردووه‌.

چیای باباداغ ساڵانه‌ پێشوازیی له‌ ھه‌زاران گه‌شتیار ده‌كات كه‌ ئاره‌زووی فڕینیان ھه‌یه‌ به‌ په‌ڕه‌شووت، ژماره‌كه‌ش به‌رده‌وام روو له‌ زیادبوونه‌، به‌جۆرێك ساڵی ٢٠١٨ له‌و چیایه‌وه‌ ١٦٢ ھه‌زار و ٧٧٦ فڕینی په‌ڕه‌شووت ئه‌نجامدراوه‌، له‌ كاتێكدا ساڵی ٢٠١٧ ژماره‌كه‌ ١١٧ ھه‌زار و ٢٠٠ فڕین بووه‌.

سه‌رچاوه‌/ AA

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv