هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەرگیز هاوکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی له‌بیر ناكه‌م

پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند"بۆئەوەی دەوڵەتێکی بەهێزمان هەبێت، پێویستە هەموومان پاڵپشتی لە نێچیرڤان بارزانی بکەین، من هەرگیز هاوکارییەکانی نێچیرڤان بارزانیم بیرناچێتەوە".

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگای سلێمانی کارم لەگەڵیدا کردووە، هەموو کارەکانی بە راوێژکردووە، بڕوایەکی تەواوی بە لامەرکەزی، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و کاری هاوبەش هەیە، هەروەها بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە کوردستان وەکو یەکەیەکی سیاسی، ئابووری و جوگرافی سەیربکرێت نەک وەکو وڵاتێکی دابەشبوو بۆ دوو زۆن، بە دڵنیاییەوە ئەم سیفاتانە لە کردەوەکانیدا رەنگبداتەوە، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو دەبێت".

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "سەرەڕای بارودۆخی ناهەمواری کوردستان و قەیرانەکان، بەڵام به‌رێزیان پاڵپشتێکی بەهێزی ئێمە بووە و توانیویەتی لە زۆربەی کار و پرۆژەکانماندا بەدەممانەوە بێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتيشی" یەکێک لەو کارانە، دەستپێکردنەوەی پرۆژەی شووقەکانی سیتەک و مێرگەپان بوو کە لەو قەیرانەدا بڕێک پارەی مانگانەی بۆ تەرخانکردین کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، هەروەها دامەزراندنی 284 کەس لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە لەسەر داواکاری من، بۆیە هەرگیز ئەو هاوکارییانەم بیرناچێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بە ئامادەبوونی 1200 کەس وەکو دووەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد.