ئه‌وه‌ی له‌ ژیان پیرۆزتره‌ كوردستانه‌

به‌شێك له‌ وته‌كانی بارزانی نه‌مر

بارزانی نه‌مر، ناونیشانی كتێبێكی "رێزان ساڵح بارزانی"یه‌ له‌ دووتوێی 88 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ مامناوه‌ندی له‌ به‌رگێكی قه‌شه‌نگ و جواندا چاپ كراوه‌.

كتێبه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی ئه‌لبومێك دایه‌، كۆكراوه‌ی سی و پێنج وته‌ی بارزانی نه‌مره‌ به‌ پێنج زمان (كوردی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، توركی و فارسی) هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ر وته‌یه‌ك وێنه‌یه‌كی بارزانی نه‌مری له‌گه‌ڵ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان دونیایه‌ك ئیلهام و زانیاریی و ئامۆژگاری تێدایه‌.

به‌شێك له‌ وته‌كانی بارزانی نه‌مر:

*ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی خاك تاوان بێت، ئه‌وا من تاوانبارترین كه‌سم. *با لاوان ئازاد بن له‌ كار و بیركردنه‌وه‌یاندا.* ڕه‌نگه‌ من ئازادی كوردستان نه‌بینم، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یبینن.

* مێژووی بێ شه‌هید لاپه‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌شه‌. * ئه‌وه‌ی له‌ ژیان پیرۆزتره‌ كوردستانه‌.* ئه‌گه‌ر كوردایه‌تی گرانه‌، خیانه‌ت نه‌كردن ئاسانه‌.

بارزانی نه‌مر دوازده‌ ساڵ له‌ دووره‌ وڵاتی "یه‌كێتی سوڤیه‌تی جاران" مایه‌وه‌، له‌ماوه‌یه‌دا، نه‌ك ته‌نیا له‌ باشور به‌ڵكوو له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێری كوردستان مات و بێ ده‌نگ بوو، كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كرد سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێرانه‌ بكات.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشی ئه‌یلوول هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لای هه‌موو كوردێك و له‌ هه‌موو پارچه‌كاندا زیندووكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر شۆڕشی ئه‌یلوول نه‌بوایه‌، ئه‌وه‌ گومانی تێدا نییه‌ كه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كال ده‌بوویه‌وه‌، به‌ كورتی و به‌ كوردی ئه‌گه‌ر بارزانی نه‌مر له‌ مێژووی كورد دا نه‌بوایه‌ كه‌سی دیكه‌ جه‌ساره‌تی نه‌بوو له‌ دژی دوژمنان و به‌م شێوه‌یه‌ خه‌بات و شۆڕش بكات.

ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسراوه‌ و لای سه‌ركرده‌ و مێژوونووس و ئازادیخوازانی دونیا جێگه‌ی ڕێزێكی زۆره‌، بارزانی ناچار كرا ده‌ست بداته‌ چه‌ك، ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین و ژیرانه‌ترین هه‌ڵوێسته‌ كه‌ بارزانی نواندوویه‌تی، دڵۆپه‌ خوێنێكیش به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی بارزانی نه‌ڕژاوه‌، بارزانی ته‌نیا به‌رگریی له‌ گه‌له‌كه‌ی كردووه‌. بارزانی توانی ئاینده‌ی كورد له‌ نه‌مان رزگار بكات، هه‌ر بۆیه‌ له‌ دیرۆكدا، ئه‌و جۆره‌ ڕێبه‌رایه‌تییه‌ی بارزانی زۆر به‌ جوانی و به‌ باشی ده‌نووسرێته‌وه‌، به‌نده‌، بارزانی نه‌مر به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین جه‌نه‌ڕاڵه‌ هه‌ره‌ به‌تواناكان و كه‌م وێنه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، نه‌ ته‌نیا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو جیهان ده‌زانم.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران