ئێران داواكاری یەکێتی ئەوروپا بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئەتۆمی ڕەت ده‌كاته‌وه‌

ئێران : ئەوروپا ئامادەنییە کەمترین هەنگاو بۆ پاراستنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی بنێت

عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند" ئەوروپا ئامادەنییە کەمترین هەنگاو بۆ پاراستنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی بنێت، بۆیە هیچ هۆکارێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئێران پابەندی رێککەوتننامەکە بێت.

بەگوێرەی میدیای ئێران، جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە عەراقچی راگەیاندووە، ئەوروپا کەناڵی بازرگانی ناسراو بە ئینستێکس چالاک دەکات، بەڵام دەبێت ئێرانیش بەتەواوی پابەندی رێککەوتنامەی ئەتۆمی بێت، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، کۆمپانیا ئەوروپیەکان توانای پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەمریکایان نییە و یەکێتی ئەوروپاش بەهۆکاری نەبوونی ویستەوە پابەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبووە.

عەراقچی ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری کەمکردنەوەی پابەندییەکانی ئێران بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، بڕیارێکی نیشتمانییە و هیچ جارێک لێی پاشگەزنابنەوە.

هاوکات تاران رەتیدەکاتەوە دەستگیرکراوە بەریتانییەکان کە بەهۆی سیخوڕیکردنیانەوە گیراون ئازادبکات و عەراقچی لەوبارەوە رایگەیاند، ئەو گیراوانە دەبێت ماوەی زیندانییان تەواو بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، کەمتر لە دوو هەفتە ماوە ئەو 60 رۆژەی ئێران بۆ یەکێتی ئەوروپای دیاریکردبوو کۆتایی بێت.