كونسوڵخانه‌ی توركیا ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ پێدانی ڤیزه‌ به‌ گه‌شتیارانی كوردستان

دوای شەش ڕۆژ له ڕاگرتن

دوای شەش ڕۆژ ڕاگرتن، کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر دەستیکردەوە بە پێدانی ڤیزە بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان. 

پێنج ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ، کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پێدانی ڤیزەی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان ڕاگرت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات، ئەمەش گەشتی سەدان گەشتیاری ڕاگرت کە بەنیازبوون بچنە وڵاتی تورکیا، هاوکات زیانی هەزاران دۆلاری لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری داوە. 

بەوتەی خاوەن کۆمپانیاکانی گەشتیاری ڕاگرتنەکە بەهۆی هەڵبژاردنەوە بووە، دەشڵێن: "لە ماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا زیاتر لە هەزار گەشتیار نەیانتوانیوە گەشت بکەن بۆ تورکیا، ئاماژە بەوەشدەکەن کە ئەگەر قازانجی هەر گەشتیارێک 100 دۆلار هەژمار بکرێت ئەوا 100 هەزار دۆلار زیان بە کۆمپانیاکان گەیشتووە. 

ساڵانە لە سەرەتای وەرزی بەهار کە وەرزی گەشتیارییە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەشتی وڵاتان دەکەن، بەپێی قسەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری زۆرترین گەشتیار بۆ وڵاتی تورکیا و بۆ شاری ئەستەنبوڵ دەچن. 

ڕاگرتنی پێدانی ڤیزه‌ بە گەشتیارانی کوردستان جگە لەوەی زیانی بۆ کۆمپانیاکانی گەشتیاری دەبێت خودی تورکیاش زەرەرمەند بووە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، ساڵی ڕابردوو تورکیا لەڕێگەی کەرتی گەشتیاری 30 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بڕی ئەو قازانجە زیاتر بێت.