لەسەر پارەی گەنمی جوتیارانی هه‌رێم سکاڵا تۆمار دەکرێت

لەدادگای كارگێڕی لەبەغدا


لەبەرامبەر هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارێکی پێشوی حکومەت، پارێزەری دۆسیەی گەنمی جوتیاران سکاڵای یاسایی لەسەر عادل عەبدولمەهدی تۆماردەکات.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك بەشدار حەسەن چاوشین، پارێزەری خۆبەخشی دۆسیەی جوتیاران ئەمڕۆ سێشەممە لە دادگای کارگێڕی سکاڵای یاساییان لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکردوە بەهۆی هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارێکی پێشوو سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم.

پارێزەری خۆبەخشی كەیسی جوتیاران، رایگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ مام فارس، سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی كوردستان، لەناوەڕاستی مانگی رابردوو، یاداشتێكیان پێشكەشی بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، بۆ ئەوەی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو، هەڵبوەشێنێتەوە سەبارەت بە خەرج كردنی شایستە داراییەكانی جوتیارانی كوردستان بە نرخی بازرگانی،  بەڵام سەرۆك وەزیران، وەڵامی نەدانەوەو بڕیارەكەی هەڵنەوەشاندۆتەوە، بۆیە ئەمڕۆ سكاڵایان لە دژی عادل عەبدولمەهدی، لەدادگای كارگێڕی لەبەغدا تۆماركردووە.

گوتیشی، لەناوەڕۆكی یاداشتەكە داوایان كردووە، شایستە داراییەكانی جوتیارانی كوردستان، هاوشێوەی عێراق بەنرخی پاڵپشتی حكومی بێت، نەك بە نرخی بازرگانی.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناكرێت لە ساڵی 2018دا بڕیار لەسەر بودجەی ساڵانی 2014-2015-2016 بدرێت، بەوهۆیەوە بڕیاری حەیدەر عەبادی، پێچەوانەی یاسایە و پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی ئێستا ئەو بڕیارە نایاساییە هەڵبوەشێنێتەوە.