وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران: له‌ژێر هه‌ر بارودۆخێكدا بين درێژه‌ به‌ ناردنى نه‌وت ده‌ده‌ین

داواى له‌ له‌نده‌ن كرد كه‌شتییه‌ ده‌ستگیر كراوه‌كه‌ ئازاد بكرێت

به‌پێى هه‌واڵێكى سپوتنیكى رووسى، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، دوێنێ شه‌ممه‌ 13ى ته‌مووزى 2019، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هاوتا به‌ریتانییه‌كه‌ى جیرمى هانت، دووپاتى كرده‌وه‌ ئێران درێژه‌ به‌ ناردنى نه‌وت ده‌دات له‌ژێر هه‌ر بارودۆخێكدا بێت و هه‌روه‌ها داواى له‌ له‌نده‌ن كرد ده‌ستبه‌جێ كه‌شتى گره‌یس 1ى نه‌وت هه‌ڵگر ئازاد بكات كه‌ به‌پێى یاساى جه‌بل تارق ده‌ستگیر كراوه‌.

ئاژانسى میهرى ئێرانى رایگه‌یاند: محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌لاى خۆیه‌وه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناردنى نه‌وت له‌ژێر هه‌ر بارودۆخێكدا بێت و هه‌روه‌ها هانى شانشینى به‌ریتانیاشى داوه‌ ده‌ستبه‌جێ كه‌شتییه‌ ده‌ستگیر كراوه‌كه‌ ئازاد بكرێت. 

له‌ 4ى ته‌مموزى ئه‌مساڵدا فابیان بیكاردۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى جه‌بل تارق گوتى بریكارى سه‌پاندنى یاسا به‌یارمه‌تى هێزى ده‌ریاى شانشینى به‌ریتانیاوه‌ كه‌شتییه‌كی زه‌به‌لاحى ئێرانیان ده‌ستگیر كردبوو كه‌ 2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى خاوى هه‌ڵگرتبوو، هه‌روه‌ها گوتیشى حكومه‌ته‌كه‌ى هۆى ده‌ستگیر كردنه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و پاڵاوگه‌ى بانیاس ده‌ڕۆیشت ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پاڵاوگه‌كان كه‌ له‌ ژێر سزاى یه‌كێتى ئه‌وروپایه‌ دژ به‌ سوریا، له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران ڕه‌تى كرده‌وه‌ كه‌ كه‌شتى گریس 1 نه‌وت بۆ سوریا بگوازێته‌وه‌.

جۆسیپ بۆرێیل وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیسپانیا له‌لاى خۆیه‌وه‌ گوتى كه‌شتییه‌كه‌ له‌سه‌ر داواكارى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ستگیر كراوه‌، له‌ چوارچێوه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران بۆ رێژه‌ی سفر. 


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز