سەرۆک وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی دەکات

سبەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک وەزیران و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و پێیڕاگەیاند "ئومێدەوارین هەرچی زووتر بە کردەوە دەست بە هەنگاونان بۆ چارەسەری هەموو کێشە هەڵواسراوەکان بکرێت و بە یەکەوە هاوکار بین بۆ ئەوەی تواناکانمان بخەینە ئاراستەیەک کە بە سوود و قازانجی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت بە گشتی و خزمەتێکی شایستەی هاووڵاتیان بکرێت".

جێی باسە لە یەكەم كۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیراندا، كە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند كە سبەی سێشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەى دەستووردا.