ئێران 420 سەرمەڕی ڕادەستی کۆچەرییەکانی حاجی ئۆمەران کردەوە

دوای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران

دوای ئازادکردنی ئەو 11 هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هێزەکانی ئێران 420 سەر مەڕی ڕادەستی مەڕداران کردەوە.

فەرزەگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە ماڵپه‌ری کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای ئازادکردنی 11 شوانکاری کۆچەریەکانی سنوری ئاڵانە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 420 سەر مەڕوماڵات لەلایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەھەوڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگای پەیوەندییە گشتییەکانی بەشی ئێران لە حکومەتی هەرێم، تەواوی مەڕوماڵاتی کۆچەریەکانیش بەبێ کەموکوڕی ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە.

ناوبراو سوپاسی ھێزەکانی پاسەوانی سنوری حاجی ئۆمەرانی کرد کە لەگەڵیان ماندووبوون و داواشی لە کۆچەریەکان کرد بەدرێژای 2 کیلۆمەتر نزیک سنورەکان نەبنەوە، بۆ ئەوەی دوچاری ئەم جۆرە کێشانە نەبنەوە.

ڕۆژی 21_7_2019 لە کوێستانەکانی بارزینی سەر بە گوندی ئاڵانەی سنووری حاجی ئۆمەران، هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە وڵاتی ئێران دەستیانگرت بەسەر 420 سەر مەڕی مەڕداران و دوای تەقەکردن لە مەڕداران 11 کەسی ئەو ماڵباتانەیان دەستگیر کرد، دوای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئێران، هەر دوێنێ 11 کەسەکە لەهەمان شوێنی دەستگیرکردنیان، ئازادکران.

پ: كه‌ریم سمكۆ