فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران: هەفتەیەکە 50 پەنابەری کورد له‌ توركیا بێسەروشوێنن

تا ئێستا بێ سۆراخ ماونه‌ته‌وه‌

ماوه‌ى ھەفتەیەكە نزیكەی 50 پەنابەری كورد لە رێگەی چوونیان بۆ ئیتاڵیا  لە توركیاوە بێسەروشوێنن و هیچ زانیارییەکیان لەسەر نییە.

فیدراسیۆنى په‌نابه‌رانى سه‌رانسه‌رى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ نزیکەی 50 هاووڵاتی کورد كه‌ لە وڵاتى تورکیاوە بەرەو وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێكه‌وتون تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان نییە.

ئاماژە بەوەش كراوە، قاچاخچییەکان بە کەسوکاری ئه‌و هاووڵاتیانەیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى دوو رۆژدا دەگەنە ئیتاڵیا، به‌ڵام تا ئێستا بێ سۆراخ ماونه‌ته‌وه‌.

رۆژ عه‌زیز، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە تورکیا، دڵنیایی داوەتە كەسوكاری ئەو پەنابەرانە كە هیچ رووداوێکی نەخوازراو نە لە تورکیا و نە لە دەریای ناوەراست ڕووی نەداوە، بەڵكو پێده‌چێت له‌لایه‌ن پۆلیسى توركیاوه‌ ده‌ستگیركرابن و له‌ زیندانەکانی تورکیادا بن و لەوبارەوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.