فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكا چووه‌ نێو ئاسمانى ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانى فه‌نزوێلا

بۆ جارێكى دیكه‌

به‌پێى هه‌واڵێكى سپوتنیكى روسى، دوێنێ شه‌ممه‌ 27ى ته‌مووزى 2019، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا جارێكى دیكه‌ فڕۆكه‌ى سیخوڕیان چووه‌ نێو ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانى فه‌نزویلا.

فه‌رمانده‌یه‌كی سوپاى فه‌نزویلا له‌ تویتێكدا بڵاوى كردۆته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مریكا ڕێككه‌وتنامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ئاسایشى فڕین ئه‌تك ده‌كات و هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌ و به‌ ئاشكرا سه‌روه‌رى وڵاتمان پێشێڵ ده‌كات.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ ئاسمانى وڵاتى فه‌نزویلا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانى ئه‌مریكا ببه‌زێنرێت، هه‌فته‌ى پێشوو وه‌زاره‌تى به‌رگرى فه‌نزوێلا رایگه‌یاند: به‌زاندنى ئاسمانى وڵاتمان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانى ئه‌مریكا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جدى ته‌ماشا ده‌كه‌ین.

جێى ئاماژه‌یه‌ له‌ 15 كانوونى دووه‌مى 2019، بارودۆخى وڵاتى فه‌نزوێلا به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو تێكچوو و به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ قه‌یرانى داراییدایه‌ و ئۆپۆزیسیۆنیش دۆخى خراپى دارایى خسته‌ ئه‌ستۆى مادۆرۆ و هاووڵاتیان له‌ شارى كاراكاسی پایته‌خت و زۆربه‌ى شاره‌كانى دیكه‌ى ڤه‌نزوێلا خۆپیشاندانیان كردووه‌ و دواى یه‌ك رۆژ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ خۆان گوایدۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ڤه‌نزوێلا خۆى به‌ سه‌رۆكى وڵات ناساند.

له‌ رۆژانى 3 و 4ى شوباتى 2019، وڵاتانى فه‌ره‌نسا و سوید و به‌ریتانیا و ئه‌لمانیا و ئیسپانیا رایانگه‌یاند كه‌ خۆان گوایدۆ وه‌ك سه‌رۆكى فه‌رمى وڵاتى ڤه‌نزوێلا هه‌ژمار ده‌كه‌ن.

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز