ئارسناڵ راگه‌یاندراوێكى له‌سه‌ر هه‌ردوو یاریزان مه‌سعود ئۆزێل و سیاد كۆلاسیناچى بڵاوكرده‌وه
یانه‌ی ئارسناڵ ڕایگه‌یاند، هه‌ردوو یاریزانی یانه‌كه مه‌سعود ئۆزێلی ئه‌ڵمانی و سیاد كۆلاسیناچی بۆسنی به‌هۆی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئاسایش و بۆ پاراستنیان له هه‌ر مه‌ترسیه‌كی ئه‌منی، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی شاندی ئارسناڵ گه‌شتی شاری نیوكاسل ناكه‌ن و له یاری به‌رامبه‌ر نیوكاسل یونایتد به‌شدارنابن كه ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه له‌میانی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می خولی ئینگلته‌را ئه‌نجامده‌درێت
گوته‌بێژی یانه‌ی ئارسناڵ ئاشكرای كرد كه دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یاریزان، ئیداره‌ی یانه‌ی ئارسنال به باشی زانی ئۆزێل و كۆلاسیناچ به‌شداری له یاری به‌رامبه‌ر نیوكاسل یونایتد نه‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌كه‌ن مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له بیست‌وپێنجی مانگی ڕابردوودا، هه‌ردوو یاریزان له باكووری له‌نده‌ن و له لایه‌ن دوو كه‌سی نه‌ناسراو به چه‌قۆ هێرشیان كرایه سه‌ر كه هه‌وڵیان ده‌دا ئۆتۆمبێله گرانبه‌هاكه‌ی ئۆزێل بدزن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرت و تا ئێستاش پۆلیسی له‌نده‌ن لێپێچینه‌وه له‌م ڕووداوه ده‌كات
- Log in to post comments