شاندێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا ده‌كات

به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید


بڕیارە دوای جەژن شاندێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا بکات و ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەبارەی نەوت و بودجە تاوتوێ بکەن.

به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید، لە سەر زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە دوای پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز شاندێكی باڵای هەرێم  بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی 2020 و دۆسیەی نەوت و رەوشی ئەمنی ناوچە جێناكۆكییەكان سەردانی بەغدا دەکات.

لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا هاتووە شانده‌كه‌ی هەرێم چه‌ند دۆسیەیه‌ك لەگەڵ حكومەتی ناوەندا تاوتوێدەكات كە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی، داهاتی نەوتی هەرێم، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان.

سەرچاوەکە ئەوەیشی بە ڕۆژنامەکە ڕاگەیاندووە هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو كێشەكان بە شێوەی دۆستانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پابەندی هەموو ئەو مافانەن كە دەستوری هەمیشەیی عێراق بە هەرێمی بەخشیوە، لەگەڵ بەندەكانی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا ئیمزاكراون.

شایه‌نی باسه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2019، شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كان و به‌رپرسانی حكومی، سه‌ردانی به‌غدایان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌وه‌.