عادل عەبدولمەهدى داواى لێكۆلینه‌وه‌ له‌ رووداوى تەقینەوەى کۆگاى سەربازى سەقەر ده‌كات

عەبدولمەهدى فەرمانیکردوە بە راگرتنى گەشتى فڕۆکەكان لە عێراق

عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا كه‌ ئەمڕۆ پێنجشەممە بلاوى كرده‌وه‌، فەرمانیکرد بە لێکۆڵینەوەیەکى تەواو و گشتگیر لەسەر رووداوى تەقینەوەى کۆگاى سەربازى سەقەر کە دەکەوێتە باشورى شارى بەغداو راشیگه‌یاند، كه‌ دەبێت کۆگا سەربازیەکان ببرێنە دەرەوەى شارەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ، دوێنێ چوارشەممە لەمیانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بە سەرۆکایەتى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، ماوەى هەفتەیەک وەک مۆڵەت دیاریکراوە بۆ بەرزکردنەوەى راپۆرت لەسەر بردنە دەرەوەى کۆگا و گەنجینە سەربازیەکانى ناو شارەکانى عێراق بۆ دەرەوەى شارەکان.

لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى گشتگیر لە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان تا لێکۆڵینەوە لەسەر تەقینەوەى کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى سەقەر بکرێت.

هەر لەو راگەیەندراوەدا هاتووه‌، عادل عەبدولمەهدى فەرمانیکردوە بە راگرتنى گەشتى فڕۆکە لە عێراق بە هەموو جۆرەکانى تایبەتى و گشتى و سەربازى و هەلیکۆپتەر و چاودێرى، ئەگەر عێراقى بن یاخود بیانى.

راشگەیەندراوە" لە ئەگەرى فڕینى هەر فڕۆکەیەکدا تا کاتى هەڵگرتنى فەرمانەکە، دەستبەجێ لە لایەن هێزە دژە ئاسمانیەکانى عێراقەوە بە ئامانج دەگیرێت".

تێزانین رۆژى دووشەممەى رابردوو، کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى لە سەربازگەى سەقەر لە باشورى بەغدا تەقینەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک چەکدارى حەشدى شەعبى و پۆلیسى فیدراڵى عێراق برینداربوون.