لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی زانایان کێشەی نێوان مامۆستا مەلا فاتح و مامۆستا هەڵۆ چارەسەر کرا

هەر 2 مامۆستا ئاشتکرانەوەو گەردەن ئازایی و لێبوردنیان ئاراستەی یەک کرد


له‌راگه‌یاندراوێكدا یه‌كێتى زانایانى ئاینى ئیسلامی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18 ى 8 ى 2019 ،  بە مەبەستی ئاشتکردنەوەو رێگرتن لەدروستبوونی درزو دووبەرەیی و نەهێشتنی ئاسەواری لێک تێنەگەیشتن و هەڵسان بە ئەرکی پیشەیی و بەدواداچوونی دۆسیەکەو گەیاندنی پەیام و رێنمایی و هۆشیارکردنەوە، لەسەر راسپاردەی  د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئەو کاردانەوەو قسە لەسەر یەک کردنەو بەکارهێنانی مینبەر بۆ ئەو مەبەستە، هەردوو مامۆستا مەلا فاتح شارستێنی و مامۆستا مەلا هەڵۆ حەمە رەشید بانگهێشتنی لقی سلێمانی یەکێتی زانایان کران.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، سەرەتا مامۆستا مەلا عەتا پێنجوینی کۆبوونەوەکەی کردەوەو لە وتەیەکدا ئامانجی کۆبوونەوەکەی روون کردەوەو رۆڵ و هەنگاوەکانی یەکێتی زانایانی لەو بارەوە خستە روو، دواتر هەریەک لە د. ئەحمەد شافعی و د. محمد پێنجوێنی و بەرێوەبەری ئەوقافی سلێمانی وتەی خۆیان پێشکەش کرد.


یه‌كێتی زانایانى ئاینى ئیسلامی كوردستان ده‌شڵێت ، ئامانجی دانیشتنەکە یەکلایی کردنەوەو دیارکردنی چارەسەری گونجاو بوو لە نێوان هەردوو  مامۆستا مەلا فاتیح شارستێنی و مامۆستا هەڵۆ حەمە رەشید، کە لەو چەند رۆژەی رابردوو لەرێی وتاری هەینیەوە وەک کاردانەوە قسەیان ئاراستەی یەک کردو ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەدوای خۆیدا هێناو نیگەرانی لێ کەوتەوەو، یەکێتی زانایانیش بەمەبەستی چارەسەری گونجاو رێکارو هەنگاوی پێویستی گرتەبەر.


لە به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى زانایانى ئاینى هاتووه‌ كه‌ له‌ دانیشتنەکەدا بە تێرو تەسەلی باس لەو حاڵەتە کراو پەیامی یەکێتی زانایان لەو بارەو خرایە روو، هەروەک تیشک خرایە سەر رۆڵ و پێگەی زانایانی ئایینی و گرنگی پاراستنی پێگەو پیشەیان، ئەوەش روون کرایەوە کە مینبەر شوێنی کاردانەوەو قسەی نەشیاو نیەو ناکرێ بە توندی و زمانی هەڕەشە مامەڵە بکرێت، چونکە ئەمە لەگەڵ پەیامی ئیسلام یەک ناگرێتەوەو زەمینەی ناحەزانی ئیسلام خۆش دەکات و لەو پەنایە توانج و قسەی ناشیرین بەرامبەر مینبەرو زانایان و گوتاری ئایینی دێتە ئاراوە.


راشیده‌گه‌یه‌نن ، دواتر هەردوو مامۆستا ئاشتکرانەوەو گەردەن ئازایی و لێبوردنیان ئاراستەی یەک کردو لە کەشێکی برایانە بڕیار درا جارێکی تر شتی لەو شێوە دوبارە نەبێتەوەو لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەئاستی پێگەو پیشەی خۆیان دابن، چونکە مامۆستای ئایینی نوێنەرایەتی ئایین دەکات و لەسەر مینبەرو لەکاتی بانگەوازی و پیشەیی مەلایەتی پێویستە لەئاستی هۆشیاری و ئەدایەکی جوان و نوێنەرایەتیەکی راستەقینە دابن.


 یەکێتی زانایان داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی دەکات لەو حاڵەتانە نەکەونە ژێر کاریگەری سۆشیال میدیاو نەبنە مایەی گەرم کردن و وروژاندنی پترو قسەی نەشیاو و تەرفگیری ئەم و ئەو، هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێ بەڵکو دەبێ هەمووان وەک یەک جەستە هەست بە ئازارو لێکەوتەی ئەو جۆرە حاڵەتانە بکەین و هەمیشە بە ئارامی و حیکمەتەوە هەنگاو بنێین، هەوڵبدەین بەگیانی برایەتی و سینگفراوانی و ئادابی مەلایەتی ببینە ئاوێنەی یەکترو لەپێناو خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان تەواوکاری یەکتر بن، هەروەک دەخوازین هەموو لایەک کۆتایی بەم باسە بێنن و ئەم دۆسیەیە دابخەن.


 له‌كۆتادا یەکێتی زانایان رایده‌گه‌ێنێت وەک ئەرکی پیشەیی خۆی هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری زانایانە بێ جیاوازی، بەڵام لەکاتی گرفت و حاڵەتی لەو شێوە رێکاری خۆی هەیەو جاری یەکەم ئاشت و هۆشیارکردنەوەیەو، جاری دووەم گرتنەبەری رێکاری پێویست و پەیوەستە بەهەماگەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف هەر چۆن و چیەک بێت.

11


شوان عه‌زیز