لێژنه‌ى دارایی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى داریی گفتوگۆ له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وت و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن

داوا له‌حكومه‌ت كرا كه‌ په‌له‌ بكات له‌ دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نى راژه‌


راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چۆنیه‌تیى كاراكردنه‌وه‌ى دیوانى چاودێریى دارایی و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى داراییی حكومه‌تى هه‌رێم، لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى له‌په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخى ئابووریى هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆ له‌سه‌ر رۆڵى دیوانى چاودێریى دارایی كراو بڕیاردرا له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوودا سه‌رۆكى دیوانى چاودێریى دارایی بانگهێشتى لیژنه‌كه‌ بكرێت.

راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌شڵێت له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و دواكه‌وتنى و پلانى حكومه‌ت بۆ چۆنیه‌تیى پێدانى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و ئاماده‌كارى بۆ بودجه‌ى 2020 كرا و له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایی و ئابووریى حكومه‌تى هه‌رێم كۆببێته‌وه‌.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا به‌فه‌رمى داوا له‌حكومه‌ت كراوه‌ كه‌ په‌له‌ بكات له‌ دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نى راژه‌ و ناردنى پڕۆژه‌یاسای چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان.


شوان عه‌زیز