سوپای پاسداران : هێرشی حوسییه‌كان بۆ سه‌ر سعوودیه‌ ده‌بێته‌ هۆی كۆچكردنێكی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان

ئه‌و وڵاته‌ تووشی قه‌یرانیكی قووڵ ده‌بێته‌وه‌

فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، سعودییه‌ له‌ یه‌مه‌ن گه‌یشتووه‌ته‌ بنبه‌ست و نازانێت چی بكات و ته‌نانه‌ت توانای نیشاندانی هێزی سیاسیی خۆشی نییه‌.

حوسێن سه‌لامی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران راشیگه‌یاند، ته‌واوی بنكه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كانی سعوودیه‌ ئاسایشیان تێدا نه‌ماوه‌ و هه‌موو شوێنه‌ هه‌ستیار و گرنگه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتوونه‌ته‌ چوارچێوه‌ی مووشه‌كی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن و به‌رده‌وامبوونی هێرشه‌كان ده‌بێته‌ هۆی كۆچكردنێكی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان بۆ بیابانه‌كان و حكومه‌تی سعودییه‌ تووشی قه‌یرانیكی قووڵ ده‌بێته‌وه‌. فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ سعودییه‌ و ئیماڕات و ئه‌مه‌ریكا له‌ یه‌مه‌ن هیچ هێزێكیان نییه‌ و تا ئێستاش حووسییه‌كان شاره‌كانی سعوودییه‌یان به‌ هۆكاری مرۆیی نه‌كردووه‌ته‌ ئامانج.