ده‌رھێنه‌رێكی كورد به‌ دوو فیلم ده‌چێته‌ مه‌غریب و ئیتاڵیا

له‌ژێر ناوی (خه‌ره‌ند، خۆشم ده‌وێیت ھه‌ولێر)ـه‌

بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا، دوو فیلمی ھونه‌رمه‌ندی ده‌رھێنه‌ر (سامی كاكه‌) به‌شداری له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی ئیتاڵیا بۆ فیلم و دار به‌یزای مه‌غریبی بكات.

ئه‌و دوو به‌رھه‌مه‌ی ھونه‌رمه‌ند له‌ژێر ناوی (خه‌ره‌ند، خۆشم ده‌وێیت ھه‌ولێر)ـه‌، كه‌ توانیوویانه‌ تا ئێستا ببنه‌ خاوه‌نی چه‌ند خه‌ڵاتێكی جیاواز له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.

(سامی كاكه‌)ـی ده‌رھێنه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ كه‌ فیلمی (خه‌ره‌ند- الهاویه‌)، له‌ نێو 1800 فیلمدا ده‌ستنیشان كرا، كه‌ شانبه‌شانی 100 وڵاتی جیاواز له‌ پێشبڕكێی سه‌ره‌كی دابێت بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی ئیتاڵیا بۆ فیلم، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25/9 ئه‌م مانگه‌ له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌بچێت و یه‌كه‌م به‌رھه‌می كوردیشه‌ له‌ ئاستی ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شداری له‌و فیستیڤاڵه‌ جیھانیه‌ ده‌كات، ھاوكات له‌ 26/9ـدا، فیلمی (الهاویه‌) و (خۆشمده‌وێی ھه‌ولێر) له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی (دار البیچا‌و) له‌ كازابلانكای وڵاتی مه‌غریب له‌ كێبڕكێی سه‌ره‌كیدا ده‌بن و ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی فیلمه‌ عه‌ره‌بی و جیھانیه‌كان ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات له‌و فیستیڤاڵه‌دا، كه‌ ئه‌مساڵ سێیه‌مین خوولی خۆی به‌ میوانداری سه‌دان فیلمی جیھانی ساز ده‌كات و متمانه‌ی زۆریشم به‌ به‌رھه‌مه‌كانمه‌ كه‌ بتوانن ببنه‌ خاوه‌نی خه‌ڵات و سه‌ركه‌وتن بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكه‌م له‌و فیستیڤاڵانه‌دا.

له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی فیلمی (الهاویه‌)ـه‌وه‌ ده‌رھێنه‌ری ناوبراو گوتی: چیرۆكی ئه‌و فیلمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌نیمه‌یشن به‌رھه‌م ھاتووه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی باس له‌ خانه‌واده‌یه‌كی ئاواره‌ ده‌كات، كه‌ به‌ فرمێسكی گه‌رمه‌وه‌ له‌ جه‌نگ ڕاده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌ناری ئارامی و گیرسانه‌وه‌ له‌ وڵاتێكی دوور له‌ مه‌ترسیه‌كانی جه‌نگ و كه‌ ده‌شگه‌ن به‌و ئارامیه‌ به‌ قورگێكی پڕ له‌ گریان و ده‌یان حه‌سره‌ته‌وه‌ ئاوڕ له‌ نیشتمانه‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌، كه‌ به‌ نائومێدی جێیان ھێشتووه‌.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران