نەوزاد هادی: فرسەت سۆفی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پارێزگاری ھەولێر

پاڵپشتی خۆشی بۆ راگەیاند


نەوزاد هادی پارێزگاری ھەولێر ماڵئاوایی لە پۆستەكەی كرد و رایگەیاند، فرسەت سۆفی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پارێزگاری ھەولێر و پشتیوانی دەكەم.

نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئەیلولی 2019 لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا، ماڵئاوایی لە پۆستەكەی كرد و رایگەیاند، فرسەت سۆفی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پارێزگاری ھەولێر، ھەروەھا پاڵپشتی خۆشی بۆ راگەیاند.

پارێزگاری ھەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كرد، كە لە ماوەی رابردوودا متمانەیان پێبەخشیووە و پاڵپشتیان كردووە بۆ ئەمجامدان و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری پارێزگای ھەولێر.

راشیگەیاند: لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا چەندین پڕۆژەمان ئەنجامداوە لەپێناو خزمەتكردن بە خەڵكی سنووری پارێزگای ھەولێر.

ئاماژەی بەوەشكرد: كاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر فرسەت سۆفی-یە، ھیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم و پاڵپشتی تەواوی دەكەم.

باسی لەوەشكرد، لە رۆژە سەختەكاندا بە پاڵپشتی ھەموو لایەك لە شەڕی داعش كە ھەولێر كرایە ئامانج توانیان دۆخەكە تێبپەڕێنن و ئارامی و سەقامگیری ھەولێر بپارێزن.

نەوزاد هادی گوتیشی: دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگار هەوڵماندا لە ماوەی ئەم ساڵانەدا گەشە بە هەولێر بدەین لە هەموو رووەکانەوە، ناوشار و گوند و قەزا و ناحیەکان، بە گوژمەی 10 ملیار دۆلار زیاتر لە 14 هەزار پرۆژە و سەرمایەی وەبەرهێنانیش گەیشتە نزیکەی 28 ملیار دۆلار کە ئەمە رەنگدانەوەی تەواوی لەسەر ژیانی چین و توێژە جیاوزەکانی شارەکە هەبوو".  

ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی تەرخانکراو بۆ شاری هەولێر لە ساڵی 1923 وە  واتە سەردەمی مەلەکیەت کە ئەوکات لیوا بووە تا 2003 نەدەگەیشتە 200 ملیۆن دۆلار.

نەوزاد هادی ئەوەشی خستەڕوو، هەولێر بەپێی ماستەرپلان شارێکی بازنەییە لە ساڵی 2003 نیوە تیرەکەی سێ کیلۆمەتر بوو لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا بووەتە 13 کیلۆمەتر،  گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە باڵەخانە و ئاوەدانی و  قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و هەموو سێکتەرەکانی دیکەی ژیان.