وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: هه‌ماهه‌نگی و چاودێری په‌رله‌مان ئه‌ركه‌كه‌مان ئاسانتر ده‌كات

لیـژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان كرد

ئه‌مڕۆ سێشەممە، لیـژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ  و ئاسایش  و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان كرد، له‌و سه‌ردانه‌یاندا  یاداشتێكی ئاماده‌كراوی چه‌ند خاڵیان له‌سه‌ر  پرۆسه‌ی چاكسازی و باشتركردنی دۆخی پێشمه‌رگه ‌و چاودێریكردنی پڕۆسه‌ی  رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان، له‌گه‌ڵ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت تاوتوێكرد.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، ئه‌رك و رۆڵی په‌رله‌مانی له‌هه‌مبه‌ر پڕۆسه‌ی چاودێری كاری حكومه‌ت و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان به‌گرنگ و پڕبایه‌خ وه‌سفكرد. 

له‌و كۆبونەوەیەدا، كه‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، ئه‌رك و رۆڵی په‌رله‌مانی له‌هه‌مبه‌ر پڕۆسه‌ی چاودێری كاری حكومه‌ت و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان به‌گرنگ و پڕبایه‌خ وه‌سفكرد، هاوكات كورته‌یه‌كی له‌ئه‌رك و كاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و بڕیارو راسپارده‌ پێشنیازكراوه‌كانی چوار ساڵی داهاتوو خسته‌ڕوو.

ئه‌ندامانی  په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رنج و پێشنیاره‌كانی خۆیان له‌سه‌ر ته‌واوی پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ چاككردنی ژیانی پێشمه‌رگه‌و  به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی هێزه‌كان و رێکخستنەوەیان له‌ژێری چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ روونكرده‌وه‌.

له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، بڕیاردرا ئاماده‌یی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا بۆ پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان زیاتر بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رده‌وامبونی نه‌خشه‌ رێگای دروست، جه‌خت له‌سه‌ر پشتگیری و پشتیوانی ئه‌رك و هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كرایه‌وه‌.