وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: كێشه‌ی بودجه له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلا ده‌كه‌ینه‌وه
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق رێكبكه‌وین، گوتیشی: حكومه‌تی عێراق 80 ملیار دۆلار قه‌رزاری هه‌رێمه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 11ی ئه‌یلولی 2019 د.جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردییه‌كانی به‌غدا، داوامان كرد و پێشنیاركرا، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و ئه‌و لیژنه پهرلهمانیانهی كه ئه‌ندامی كوردی تێدایه له په‌رله‌مانی عیراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری به‌رده‌وامیان هه‌بێت.
گوتیشی: لیژنه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زیری پلانداناوه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ره‌یه‌ك له خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم و وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی تر ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ن.
د.جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئامانج له سه‌ردانه‌كه تاووتوێكردنی پرسی بودجه‌یه و كێشه‌ی بودجه له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلا ده‌كه‌ینه‌وه.
گوتیشی: ئامانجی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا.
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌به‌رده‌ستن، حكوومه‌تی عێراق 80 ملیار دۆلار قه‌رزداری هه‌رێمی كوردستانه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دابینكردنی نه‌وتی سپی تاووتوێ كراوه و بڕیاره 259 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی دابه‌ش بكرێت.
د.جوتیار عادل سه‌باره‌ت به دابینكردنی پێداویستییه‌كان روونیكرده‌وه كه دابینكردنی پێداویستییه‌كان ده‌وه‌ستێته سه‌ر بودجه، هه‌روه‌ك دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و گرێبه‌سته‌كان په‌یوه‌سته به بودجه و وه‌زاره‌تی دارایی تاووتوێی ده‌كات.
هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، حكوومه‌تی هه‌رێم پلانی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی سیسته‌می باج له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست به جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كان له‌مباره‌یه‌وه ده‌كه‌ن.
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند كه لیژنه‌یه‌ك بۆ پرسی سه‌رژمێریی دانیشتوان پێكهێنراوه و له‌باره‌ی سه‌رژمێرییه‌وه ئێمه داوای جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌كه‌ین و پشكی بودجه له‌سه‌ر رێژه‌ی دانیشتوان دابه‌ش بكرێت.
سه‌باره‌ت به پێدوایستیه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ ساڵی خوێندنی 2019 - 2020، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارییدا به جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێدوایستیانهی كه زۆر گرنگن بۆ ئه‌مساڵی خوێندن، به‌و شێوه‌یه‌ی له راپۆرتی وه‌زیری په‌روه‌رده‌دا هاتبوو.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش رایگه‌یاند، هه‌ر كارێك له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بێت، ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ هه‌ڵه‌بجه درێغی ناكات.
- Log in to post comments