ئێران ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هێرشه‌كانی سعوودیه‌وه‌ هه‌بێت

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هه‌نگاوی كرده‌یی به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته‌ بنرێت

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عه‌باس موسه‌وی ره‌خنه‌ی له‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ گرت كه‌ ئێرانی به‌ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانی سه‌ر دوو دامه‌زراوه‌ی نه‌وت سه‌ربه‌ كۆمپانیای ئارامكۆ له‌ سعوودیه‌ تۆمه‌تباركردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، عه‌باس موسه‌وی ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌، هاوپه‌یمانییه‌تی عه‌ره‌بی به‌ڕابه‌رایه‌تی سعوودیه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌مه‌ن، به‌ڵام یه‌منییه‌كان به‌رگریی و خۆڕاگرییان به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌، نیشانداوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌ته‌كانی مایك پۆمپیۆ، عه‌باس موسه‌وی گوتی: "ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ی شكستی هێنا له‌ په‌یڕه‌كردنی سیاسه‌تی فشاركردندا، ئێستا په‌نای بۆ سیاسه‌تی درۆكردن بردووه‌".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌وه‌شی گوت، "ئه‌م جۆره‌ لێدوان و هه‌ڵوێستانه‌ به‌ پلانی رێكخراوه‌ نهێنی و هه‌واڵگرییه‌كان ده‌چێت كه‌ ئامانجیان ناوزڕاندنی ناوبانگی وڵاتێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هه‌نگاوی كرده‌یی به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته‌ بنرێت".

عه‌باس موسه‌وی لێدوان و هه‌ڵوێسته‌كانی مایك پۆمپیۆ-ی به‌ بێ سوود ناوزه‌ند كرد و گوتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ناتواندرێت له‌ چوارچێوه‌ی دیپلۆماتییدا لێی تێ بگه‌یه‌ت، چونكه‌ هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت".

دوێنێ شه‌ممه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر دوو دامه‌زراوه‌ی نه‌وت سه‌ربه‌ كۆمپانیای ئارامكۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی سعوودیه‌، دواتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ ئێرانی به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ تۆمه‌تباكرد.