وەزیری بەرگریی ئێران: سعودیەو ئیسرائیل دەیانەوێت ئەمریکا رابکێشنە نێو شەڕێکەوە

ئێران رەتیدەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە

وەزیری بەرگریی ئێران رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی دەستی هەبووبێت لە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە و دەڵێت، ئەوە خەونی سعودیە و ئیسرائیلە کە دەیانەوێت ئەمریکا رابکێشنە نێو شەڕێکەوە لە ناوچەکەدا.
 
ئه‌مرۆ چوارشەممە ئەمیر حاتەمى، وەزیری بەرگریی ئێران لەدوای بەشداریکردنی بوو لە کۆبوونەوەی ئاسایی حکومەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تووندی هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئێران بەشداربێت لە هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە. 
 
ئەمیر حاتەمى دەڵێت" ئەوە بە تەواوی روونە کە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان سعودیە و یەمەنەوە هەیە، لە راستیدا سعودیە و ئیسرائیل لەماوەی رابردوودا هەوڵی زۆریانداوە ئەمریکا رابکێشنە نێو شەڕێکەوە لەو ناوچەیەدا، ئەوە خەونی ئەوان بووە بۆ ئەوەی ببێت بە راستی، ئەوان لەسەر ئەو بیرۆکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووبدات و ئەوانیش سودی لێوەربگرن".