هاجێرتی بۆ دووه‌م جاری له‌سه‌ریه‌ك به‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی تێنسی سه‌رزه‌وی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردرایه‌وه

پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنەكە له‌ له‌شبۆنه‌ی پایته‌ختی پۆرتوگال بەرێوەچوو


دێڤید هاجێرتی ئه‌مه‌ریكی بۆ دووه‌م جاری له‌سه‌ریه‌ك به‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی تێنسی سه‌رزه‌وی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردرایه‌وه

 پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی تێنسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ له‌شبۆنه‌ی پایته‌ختی پۆرتوگال و له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی یه‌كێتیه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌ئه‌نجامدا هاجێرتی پله‌ی یه‌كه‌می له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی دووسه‌دوپه‌نجاونۆ ده‌نگ و به‌ ڕێژه‌ی شه‌ستو پۆینت پێنج له‌ سه‌دا به‌ده‌ستهێناو بۆ چوار ساڵی داهاتوو له‌ پۆسته‌كه‌ی مایه‌وه، جێگای باسه‌ هاجێرتی بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی دووهه‌زاروپازده‌ به‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی تێنسی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردراو توانی چه‌ند گۆڕانكاریه‌ك له‌ شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی پاڵه‌وانێتی جامی دێڤز له‌ ئاستی هه‌ڵبژارده‌كانی تێنسی جیهان ئه‌نجامبدات