ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر رۆژئاواى كوردستان كاردانه‌وه‌ى توندى نێوده‌وله‌تى به‌دواى خۆیدا هێنا

فەرەنساو بەریتانیاو ئه‌لمانیاو روسیا و ئه‌وروپا و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش هاتنه‌ ده‌نگ

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا بۆ سەر رۆژئاواى كوردستان و بۆدۆمانكردنى چه‌ند ناوچه‌و شارێكى رۆژئاواى كوردستان، كاردانەوە جیهانییەكانى لێكه‌وته‌وه‌و هەریەك لە فەرەنسا و بەریتانیا داوای ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن.

ئەندرۆ مۆریسۆن وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندوە، ئێمە لەگەڵ توركیا زۆر راشكاوانە بووین لەوەی كە دەبێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تاكلایەنە وەلابنرێت ، چونكە دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەوڵەكانی شكستهێنان بە داعش. 

هاوكات وتەبێژێك بەناوی بۆریس جۆنسۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوە رایگەیاندوە كە بەریتانیا زۆر دودڵ و نیگەرانە لە پلانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن توركیاوە بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.

هاوكات فەرەنسا بەتوندی ئیدانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا دەكات و داوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات.

ئەڵمانیاش بەهەمان شێوە بەتوندی ئیدانەی هێرشە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا دەكات و داوای دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات لەوبارەیەوە. 

هه‌ر له‌م باره‌وه‌ جۆناسان هۆفمان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی هێزەکانی لەسەر رێڕەوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا گواستوەتەوە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەبێ ئەوەی لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ژمارەی هێزەکانیاندا هاتبێت لەو وڵاتە.

وتیشی" بەداخەوە تورکیا تاکلایەنە رەفتار دەکات و بەو هۆیەوە بەشێک لە هێزەکانمان گواستوەتەوە، بۆ ئەوەی پارێزراوبن و بە دووربن لە رێڕەوی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا".

لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر هێرشەكەی توركیا رایگەیاند" لەڕێی كۆنگرێسەوە هەوڵدەدەم ئەردۆغان باجێكی قورس بدات."

وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن توركیاوە بۆ باكوری سوریا، دیمیتری بیسكۆف وتەبێژی سەرۆكایەتیی روسیا رایگەیاند، كرملن خوازیارە توركیا لەهەموو دۆخێكدا پابەند بێت بە پاراستنی یەكێتیی خاكی سوریاوە. 

هەروەها یان كڵاود یانكەر سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە" داوا لە توركیا و لایەنەكانی دیكە دەكەم دان بەخۆیاندا بگرن و كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكان بهێنن."

یانكەر رونیشیكردوەتەوە كە یەكێتیی ئەوروپا هیچ بڕە پارەیەك نادات بۆ پێكهێنانی ناوچەی ئارام لە سوریا. 

هه‌روه‌ها جێری ماتیۆز ماتجێلا سەرۆكی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا لە توركیا دەكات پارێزگاری لە هاوڵاتیانی مەدەنی بكات و بەوپەڕی تواناوە دان بەخۆدا بگرێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ سەر رۆژئاواى كوردستان.

هاوكات رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هۆشداریی دا لە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریاو داواى هێنانه‌دى سه‌قامگیرى له‌ سوریا ده‌كات.