توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی ئازادی ئەمەریکای پێشکەش بە خەڵکی ڕۆژئاواى کوردستان  کرد

توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی" ئەمەریکای وەرگرت

مەنسوور جیهانی ـ توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی" ئەمەریکای وەرگرت و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا کرد.

فیلمی سینەمایی "14ی تیرمە" (14ی Tîrmeh) لە دەرهێنانی "هاشم ئایدێمیر" Hashim Aydemir، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد حیسامەدین یوورک" Mehmet Husamettin Yurek لە کۆمپانیای "یاپیم 13" Yapim 13 و لە بەڕێوەبەری وێنەگرتنی  توورەج ئەسڵانی سینەماکاری ناودار و نێودەوڵەتی کورد، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی" Freedom لە ویلایەتی کاڕۆلینای باشوور لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستهێنا.

توورەج ئەسڵانی دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی" ئەمەریکا، ئەم خەڵاتەی بە نەتەوەی ئاشتی خوازیی کوردستان و بە تایبەت خۆڕاگری قارەمانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد.    

فیلمی سینەمایی "14ی تیرمە" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی "سینەمای کوردی" لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە هەرێمی کوردستان نمایش کرا و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە هۆی وێنەگرتنی بەرچاو و ستایلی وێنەیی بەرجەستە، بە توورەج ئەسڵانی بەڕێوەبەریی ئەم فیلمە سینەماییە بەخشرا و هەروەها کۆمەڵەی ئەکتەرانی ئەم فیلمەش بە هاوبەشیی خەڵاتی باشترین ئەکتەریی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان بەدەستهێنا. 

"14ی تیرمە"  تا ئێستا لە 17 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە، لەوانە: نمایشی تایبەت لە بەشی "سینەمای جیهان" لە بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کامێڕائیمەیج" CAMERIMAGE فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیهان لە وڵاتی پۆڵەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لاپاز" La Paz لە وڵاتی بۆلیوی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئاڵتێڕناتیڤ" Alternative لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئێسکاندیناڤیا" SCANDINAVIAN لە وڵاتی فینلەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێۆدۆژانیرۆ" لە وڵاتی بڕازیل، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دنیای کۆمەڵایەتی" Social World لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "میلان" لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "تگێن" Tagen لە هامبوورگ، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "بەڕڵین" و فێستیڤاڵی فەرهەنگی کوردی "نۆرمبێرگ" لە وڵاتی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "لەندەن" لە وڵاتی بەریتانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا و ... . 

ئەم فیلمە بە بەشداری لەم ڕووداوە سینەمایانە چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی و باشترین ئەکتەری پیاو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کرالا" Kerala لە وڵاتی هیندستان، خەڵاتی تایبەتی داهێنان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" لە هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی یەکەم لە خەڵاتەکانی وێنەگران لە وڵاتی کەنەدا، خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگ بۆ بەهمەن ئەردەڵان و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پێنج قاڕە" لە وڵاتی وینزۆئێلا و ... . 

فیلمی سینەمایی "14ی تیرمە" بۆ ماوەی سێ مانگ لە 145 هۆڵی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەمایی پێشوازیی لێکرا.