عێراق و نه‌رویج ڕێككه‌وتنێكی كاری هاوبه‌شیان واژوو كرد

عێراق سوود له‌ ئه‌زموونی نه‌وتی نه‌رویج وه‌رده‌گرێت

عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و ئیرنا سۆلبێرگى سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویج رێككه‌وتنى نه‌وت به‌رانبه‌ر گه‌شه‌پێدان واژوو ده‌كه‌ن. نووسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، به‌ ئاماده‌بوونى عادل عه‌بدولمه‌هدى و هاوتا نه‌رویجییه‌كه‌ى رێككه‌وتنى نه‌وت به‌رانبه‌ر گه‌شه‌پێدان واژوو كراوه‌. نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانى ئیرنا سۆلبێرگى سه‌رۆك وه‌زیرانى نه‌رویج ده‌بێت بۆ عێراق. سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ورده‌كارییه‌كى ئه‌وتۆ ئاشكرا نه‌كراوه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت، گرێبەستەکە بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ ده‌بێت و له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌رویج له‌ڕووى گه‌شه‌پێدان و پێشخستنه‌وه‌ هاوكارى عێراق ده‌كات. عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ هاوتا نه‌رویجییه‌كه‌ى گوتووه‌، نه‌رویج ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتووى هه‌یه‌ له‌ باره‌ى سندووقى نه‌وه‌كان بۆیه‌ ده‌كرێت به‌ ئه‌زموونه‌كانى له‌ گه‌شه‌پێدان و بونیادنانه‌وه‌ى عێراق به‌شدار بێت به‌ تایبه‌تى له‌ بوارى ئافره‌تان و منداڵان.