هه‌ر بابایه‌ دێت و كتێب ده‌با !...

(جان دۆست) نووسه‌ر و ڕۆماننووسێكی به‌نێوبانگی كورده‌

ـ 16 ی ئۆكتۆبه‌ر، یه‌كه‌م ڕۆژی پێشانگاكه‌ بوو، هه‌موومان له‌وێ بووین، له‌ پڕ (جان دۆست) و هاوژینه‌كه‌ی گه‌یشتن، جان دۆست كۆمه‌ڵێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانیشی هێنابوو، ڕێوڕه‌سمی واژۆكردنی كتابه‌كانی ده‌ست پێكرد و ناوه‌ناوه‌یش، به‌ده‌م باسكردن له‌ دوا به‌رهه‌مه‌كانی، سه‌باره‌ت هونه‌ری نووسین گفتوگۆمان ده‌كرد، تایبه‌ت ئه‌و نووسینانه‌ی ده‌چنه‌ نێو مێژووه‌وه‌ !.

 

ـ (جان دۆست) نووسه‌ر و ڕۆماننووسێكی به‌نێوبانگی كورده‌ و به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكی كۆبانێیه‌ و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ژانی گه‌له‌كه‌یدا ده‌ژی و بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌نووسێ و هه‌ر ئه‌وه‌یش وایكرد به‌ زوویی شۆره‌ت وه‌رگرێ ، ئێستا جان دۆست ناوێكی دیاری نێو ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخی كوردییه‌ و خه‌ریكه‌ سنووره‌كان ده‌بڕێ و مایه‌ی شانازییه‌ !..

Ktv

ـ میوانی جیا، له‌ نه‌ته‌وه‌ی جیا سه‌ردانی ستاندی كوردستانیان ده‌كرد و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازیمان لێ ده‌كردن، هه‌ر لێره‌دا پێویسته‌ ناوی تیمی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنووسین، كه‌ بریتین له‌م به‌ڕێزانه‌ : به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕاگه‌یاندن به‌ وه‌كاله‌ت شێروان عه‌وڵا، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌كان سه‌رباز جه‌وهه‌ر ، خه‌رمان هیرانی و فرمێسك مسته‌فا وه‌ك دوو شاره‌زا و به‌نده‌، ئه‌م تیمه‌ ڕه‌سمییه‌ به‌ هاوكاریی ڕۆژنامه‌نووس یوسف مه‌نتك، كاره‌كانی ستاندی كوردستانیان به‌ڕێوه‌ده‌برد.

 

ـ ڕۆژی یه‌كه‌م، واته‌ 16/10/2019، هۆڵی میوانی شه‌ره‌ف و هۆڵی سێ و به‌شێك له‌ هۆڵی پێنجمان به‌سه‌ركرده‌وه‌، ئا بیرم نه‌چێ، ستاندی كوردستان له‌ هۆڵی 5، ژماره‌ 141 C بوو، كه‌ له‌ نزیك ئێمه‌شدا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری لوبنان و ئیمارات و میسر و عێراق و چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیش هه‌بوون، كه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ستاندی كوردستان میوانیان كه‌م بوو، تایبه‌ت عێراق، كه‌ زۆربه‌ی جار، نه‌ك هه‌ر میوانیان كه‌م بوو، به‌ڵكو وه‌ك كاك لوقمان به‌رزنجی ـ ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌یگوت: ستاندی كۆماری عێراق كه‌سی لێ نییه‌ و هه‌ر بابایه‌ دێت و كتێب ده‌با !..

ن/ سالار عوسمان

كوردستان تیڤی/ كامران