مەسرور بارزانی: نابێ تەنها پشت بە كەرتی نەوت ببه‌ستین

مەسرور بارزانی: هەوڵی رێكخستنەوەی كەرتی باجداری دەدەین

ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیبەیتێكدا لە دیداری مێری بەشداری كرد و پاشان وتارێكى پێشكه‌شكردو له‌ به‌شێكیدا له‌باره‌ى كه‌رتى نه‌وت رایگه‌یاند" ئێمە دەمانەوێ تەنها پشت بە كەرتی نەوت نەبەستین، بەڵكو داهاتی جۆراوجۆرمان هەبێت، هەروەها هەوڵی رێكخستنەوەی كەرتی باجداری دەدەین، چونكە بەپێی هەموو ستاندەرەكان هەر كۆمپانیایەك كە سوود وەردەگرێت دەبێ باجیش بدات، بەڵام ئامانجمان ئەوە نییە كە باج لەسەر خەڵكی كەمدەرامەت دابنێین، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی زۆرترین سوود وەردەگرێت دەبێ باجەكەی زیاتر بێت، بەڵام ئەو رێككارییانە بە شێوەی زانستی دەبێت نەك بە قسە.

وتیشى" پەیوەندییمان لەگەڵ عێراق گرنگی خۆی هەیە و فرە لایەنە، ئێمە سەردانی بەغدامان كردووە و ژمارەیەك پێشنیازیشمان دایە حكومەت، بەتایبەتی دوو تەوەر هەیە كە كێشەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدایە كە ئەوانیش ناوچە كێشە لەسەرەكانە، هەروەها كەرتی نەوت و غاز، دیارە لەو چوارچێوەیە وەك پەیوەندی دەستكەوتی باش هەبووە، بەتایبەتی لە بواری ئاسایشدا كە سەقامگیری هەردوولا كاریگەرییان بەسەر یەكەوە هەیە، ئێستاش لە دەشتی موسڵەوە تا دیالە سەرهەڵدانەوەی داعش هەستی پێدەكرێت، بەڵام ئەو بۆشاییە ئەمنیەی هەیە كە نە ئێمە و نە حكومەتی عیراقی لێیە، بۆیە دەمانەوێ بگەرێینەوە بۆ ئەو رێككەوتنەی نێوانمان هەبووە بۆ ئەوەی گەرانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان. هەروەها بابەتێكی دیكە كە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت ماددەی 140 قسەی لەسەر دەكرێت، دیسانەوە داكۆكی لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەین.

وتیشى" هەرچی پەیوەندە بە نەوت و غازەوە، لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێم دەستی كرد بە هەناردەكردنی نەوت، بەرلەوەش دوورخستنەوەی هەرێم لە بەغدا و دواتر سەرهەڵدانی داعش و هاتنی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە، و دابەزینی نرخی نەوت، ئەوانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێم بكەوێتە دۆخێكی ئابووری خراپ، دواتر نەوت ڕەوانە كرا، دواتر گۆرانكاری كرا و حكومەت گۆرا، ئێستا عێراق رۆژانە 4 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت بەرهەمیەتی، هی كوردستانیش 450 هەزار بەرمیلە، عێراقیش 3 ملیۆن و نیوی دەفرۆشێت و یەك ملیۆنیش كە %22ی داهاتی نەوتی عێراق پێك دەهێنێت، بۆ بەكارهێنانی ناوخۆی عێراق گل دەدرێتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان هیچ رێژەیەكی بۆ دیاری نەكراوە جا بۆ هاووڵاتیان یان بۆ وێستگەكانی كارەبا كە هیچمان بۆ ئەژمار نەكراوە، بۆیە هەموو ئەوەی كە دەفرۆشرێ %78ی بودجەی عێراقە، لەو رێژەیەش %45ی بۆ نەفەقاتی سیادی دەڕوات كە پشكی هەرێمی كوردستانیش نایەت لەو بڕە، بەڵكو پشكی هەرێمی كوردستان لە %55ی بودجەوە دێت.

هه‌روه‌ها وتیشى" پێشتر كە بودجەی هەرێمی كوردستان %17 بوو پاشان بوو بە %12، بەڵام ئێستا كە لێكی دەدەیتەوە رێژەی بودجەی هەرێم %5ی بودجەی عێراق زیاتر نیە، كە لە بەغداوە دێت، ئینجا ئێمە رێژەی خەرجی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانمان هەیە، بۆیە ئێستا ئەگەر بابەتی نەوتی كوردستانە ئێمە ئامادەین، نەوت رادەست بكەین، بەڵام دەبێ حكومەتی عیراقیش بودجەی هەرێم بنێرێت، ناكرێ ئەوەی هەیە بیدەین بە حكومەتی عیراق و ئەوانیش هیچ نەدەن بە كوردستان.

هەروەها مەسرور بارزانی وتى" قەرزەكانی عیراق كە 62 ملیار دینار دراوە بە عیراق، هیچ نەنێردراوە بە كوردستان كە دەبوایە نزیكەی 9 ملیار دینارمان پێ بدات، بەڵام لە دانەوەی قەرزەكە هەرێمی كوردستان بەشداری پێدەكرێت.

هەرچی قەرزی كۆمپانیاكانیشە كە 44 ملیار دۆلارە تا ئێستا حكومەتی عیراق نەیداوە، هەروەها موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش كە حكومەتی عیراق بەرپرسیارە لە دانەوەی قەرزەكانیان كە حكومەتی هەرێم وەك رێكار گرتیتیەبەر.

وتیشى" ئەو رەوشەی ئێستەی عێراق زۆر نیگەرانی كردووین، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە نەبوایە دەبوایە قسە لەگەڵ عێراق بكەین و بگەینە ئەنجامێك، بۆیە هیوادارین ئەم دۆخە بگاتە كۆتایی، چونكە ئەوەی ئێستە رووبەرووی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دەكرێتەوە، تەنها هۆكار ئەو نیە، بەڵكو هۆكاری كابینەكانی پێشترە، بەڵام خراوەتە ئۆباڵی ئەو، ئێمەش نیگەرانی ئەو دۆخەین.