هایكۆ ماس: ده‌بێت به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كانی ئێران بن

به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێری به‌رده‌وامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌كه‌ن

هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا ده‌بێت ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كانی ئێران بن له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش مانای سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ به‌سه‌ر تاراندا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا هایكۆ ماس له‌ بڕۆكسل گوتی: له‌گه‌ڵ هاوتا به‌ڕیتانی و فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌یدا كۆده‌بێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی دواتر.

ماس به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی گوت : پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێران له‌ كۆتاییدا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌رپرسیارێتییه‌كانی، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا مافی خۆمانه‌ هه‌موو ئه‌و میكانیزمانه‌ به‌كاربهێنین كه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێدراوه‌.

ماس گوتی : به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێری به‌رده‌وامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌كه‌ین و ئێران نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند به‌ڵكو ئه‌نجامیشیدا.

دیبلۆماتكارانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌ڵێن هه‌ڵوێستی ئه‌وروپا تا ئێستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت پشكنه‌رانی ده‌زگای وزه‌ی ئه‌تۆمی نێوده‌وڵه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لێدوانه‌كانی ئه‌مدواییانه‌ی ئێران بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ پیتاندنه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌/ ڕۆیته‌رز+ ده‌نگی ئه‌مریكا