جوان رۆژبەیانی: دادگای فیدراڵی عیراق بڕیارێكی لە بەرژەوەندی ناوچە كوردستانییەكان ده‌ركرد

بەبۆنەی بردنەوەی تانەی دادگای فیدراڵی لە سەر یاسایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق


ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی تانەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوە و بڕیاریداوە كە دوو بڕگەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عیراق ھەموار بكرێنەوە كە رێگری دەكرد لە دەنگدانی ئەو ھاوڵاتیانەی لە ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون و لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

لیژنەی ناوچەکانی دەرەوەی ئێدارەی ھەرێم بە بۆنەی بردنەوەی تانەی دادگای فیدراڵی لە سەر یاسایی ھەلبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پیرۆزبایی لە خەڵکی ئەوناوچانە کرد.

له‌م باره‌یه‌وه‌ جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی لە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد، بەبۆنەی تانەی دادگای باڵای فیدراڵی لە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان ، کە ۲۲/۷/۲۰۱۹ لە لایەن ئەنجومەن نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر درابوو، و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دەقەکانی دەستووری عێراقدا کۆک نەبوو، کە بە هۆیەوە ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان بێ بەش دەبوون لە مافی دەنگدان، بە تایبەت ئەو هاوڵاتییە کوردانەی کە لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوونە و لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، لەبەر بەرپرسایەتی لیژنەکە بەو بابەتەوە بە ڕاوێژ و ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٥/٩/٢٠١٩ بەرێگای پارێزەری لیژنە سەردار ھەرکی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تانە لە یاساکە درا و ئەمڕۆ دادگاکە تانەکەی پەسەند کرد و ماددەکانی (٣، ۱۲، ۱٦، ۱۷)ی لە یاساکەدا هەڵوەشاندەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە پیرۆزباییان لە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی کرد.