له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ژماره‌یه‌ك پێشنیازه‌ یاسا و پێشنیازه‌ بڕیار كرا

په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/11/13، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (7)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ دوو خاڵ و خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ ئه‌م پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ى خواره‌وه‌ به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (79 و 80 و 82)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان (پێشنیازی یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌ قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازه‌یاسای بیمه‌ی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازه‌بڕیارى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان)، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ دانان و ئالوگۆڕكردنی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان و پێكهێنانی (4) لیژنه‌ی هه‌میشه‌ییی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌كانی (28، 29، 34) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕووى بیرۆكه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ی خواره‌وه‌ به‌پێی خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ ماده‌ى (49)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، بیرۆكه‌ی به‌ڕێز (جوان یونس رۆژبه‌یانی) په‌یوه‌ست به‌ دووباره‌ ته‌عریبكردن و مه‌ترسیی هه‌مواركردنه‌وه‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق و بیرۆكه‌ی به‌ڕێز (كاروان عبدالرحمن عبدالله) په‌یوه‌ست به‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافكردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه‌.

به‌ر له‌خه‌ستنه‌رووی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، له‌باره‌ی هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان رێكنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌كاندا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 14ی ساڵی 2019 ده‌رچووێندرا به‌هه‌ماهه‌نگی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌رێگه‌ی پارێزه‌رێكه‌وه‌ به‌ناوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ تانه‌ له‌ ناده‌ستووریبوونی چه‌ند ماده‌یه‌كی یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان رێكنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌كاندا، پێشكه‌شی دادگای باڵای فیدراڵی كراو خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و تانه‌یه‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵییه‌وه‌ په‌سندكراو ماف بۆ هه‌زاران هاووڵاتی كه‌ بێبه‌شكرابوون له‌مافی ده‌نگدان گه‌رێندرایه‌وه‌، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایی له‌په‌رله‌مان و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش كرد كه‌ مافی ده‌نگدانییان وه‌ده‌ستهێنایه‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشیی له‌پارێزه‌ره‌كه‌ش كرد له‌ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی.

پاشان له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ چه‌ندین خاڵی نیزامی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌باره‌ی پرسیاری په‌رله‌مانتاران له‌حكومه‌ت و هه‌روه‌ها چۆنییه‌تیی ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كران و له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ رێككارو شێوازه‌كانی ئاراسته‌كردنی پرسیاره‌كان بۆ حكومه‌ت و چۆنیه‌تیی وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كان و هه‌روه‌ها میكانیزمی به‌داوداچوون بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ وه‌ڵامه‌كانیان دواكه‌وتوون به‌پێی په‌یڕه‌و عورفی كاری په‌رله‌مانی بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرانه‌وه‌.

هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا له‌باره‌ی خاڵی نیزامیی تایبه‌ت به‌رۆژانی ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌ی 51ی په‌یره‌وی ناوخۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "كاتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌پێی ئه‌و ماده‌ په‌یڕه‌وییه‌ رۆژانی سێشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌ی بۆ دیاریكراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ژماره‌ی دانیشتنه‌كانی له‌م وه‌رزی یاسادانانه‌ كه‌ سنوورداره‌ په‌یوه‌ندیی به‌رێككاری یاسادانان و په‌یڕه‌وی هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و كاری لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانه‌ له‌ته‌واوكردنی راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی پێشنیازه‌ یاساو بڕیاره‌كان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م راپۆرتی لیژنه‌كان نه‌گاته‌ به‌رده‌ستی په‌رله‌مان ئه‌وا ناكرێت دانیشتن ئه‌نجامبدرێت به‌بێئه‌وه‌ی بابه‌ت و ماده‌یه‌كی یاسایی له‌به‌رده‌ستدابێت بۆ گفتوگۆكردن و په‌سندكردن و رێككاره‌كانی دیكه‌ی یاسایی به‌پێی په‌یره‌وی ناوخۆ.

سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كرد كاتی زیاتر ته‌رخان بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌ تاوه‌كو بتوانین دانیشتنی زیاتر هه‌فتانه‌ ئه‌نجامبده‌ین.

دواتر به‌رله‌جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه‌ داواكرا خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كار پێشبخرێت و بكرێته‌ خاڵی یه‌كه‌م و ئالوگۆری پێبكرێت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

به‌مشێوه‌یه‌ خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار خرایه‌ڕوو كه‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕووى بیرۆكه‌ی هه‌ردوو په‌رله‌مانتار جوان یونس رۆژبه‌یانی په‌یوه‌ست به‌ دووباره‌ ته‌عریبكردن و مه‌ترسیی هه‌مواركردنه‌وه‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق و بیرۆكه‌ی كاروان عبدالرحمن عبدالله په‌یوه‌ست به‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافكردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی یه‌كه‌م په‌رله‌مانتارجوان یونس پرۆسه‌و قۆناغه‌كانی ده‌سپێكردنی گرتنی تانه‌ له‌یاسای ژماره‌ 14ی ساڵی 2019 عێراقی تایبه‌ت به‌ هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان رێكنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌كاندا بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "له‌سه‌ره‌تای ده‌رچوونی یاساكه‌وه‌ لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ى هه‌رێم له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌كارییه‌كانی به‌ئاگاداریی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌ستپێكرد بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی تانه‌ گرتنه‌كه‌و له‌وماوه‌یه‌شدا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و راوێژكاری ئه‌نجامدرا"، په‌رله‌مانتار جوان یونس راشیگه‌یاند: ماده‌كانی (3 و 12 و 17 و 18) له‌ یاسای ژماره‌ 14ی ساڵی 2019ى عێراقی تایبه‌ت به‌هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان رێكنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌كاندا دژ به‌ بنه‌ماكانی ده‌ستووری عێراقی بوون و خۆشبه‌ختانه‌ له‌رێگه‌ی دادگای باڵای فیدراڵییه‌وه‌ حوكمه‌كانی ئه‌و مادانه‌ ره‌تكرانه‌وه‌و ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌بوو بۆ گه‌له‌كه‌مان و گێڕانه‌وه‌ی ماف بوو بۆ مافخوراون و هه‌روه‌ها سوپاسی پارێزه‌ری راسپێردراو سه‌ردار هه‌ركی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی ئه‌نجامدا.

هه‌ر له‌درێژه‌ی خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار جوان یونس له‌باره‌ی مه‌ترسیی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی چه‌ند روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: "له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی هه‌مواری ده‌ستووری عێراق پێكهێنراوه‌و ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستووری پارێزراو نییه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌و به‌تایبه‌تیش ماده‌ی 140، بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین هه‌وڵه‌كان بخرێنه‌گه‌ر هه‌ر هه‌وڵێك بۆ هه‌مواری ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ ته‌نها ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی گۆڕێنی ماوه‌ی جێبه‌جێكردن و جێكردنه‌وه‌ی گره‌نتیی نێوه‌ده‌وڵه‌تی بێت چونكه‌ له‌ بنه‌مادا كێشه‌ له‌ماده‌كه‌دا نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌جێبه‌جێنه‌كردندایه‌".
له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ته‌عریبیش له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم په‌رله‌مانتار جوان یونس رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌رێگه‌ی ته‌عریبكردنێكی به‌رنامه‌ بۆ دانراو دیمۆگرافیی ئه‌و ناوچانه‌ له‌رێگه‌ی نیشته‌جێكردن و ده‌رهێنانی فۆڕمی خۆراكیی هه‌میشه‌یی بۆیان دروستبووه‌، بۆیه‌ داواكارین په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ چالاككردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاتی ماده‌ی 140ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران".

دوای ته‌واوبوونی پێشكه‌شكردنی بیرۆكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دووباره‌ ته‌عریبكردن و مه‌ترسیی هه‌مواركردنه‌وه‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ىهه‌رێمى له‌ په‌رله‌مان راسپارد له‌ده‌ره‌وی هۆڵی دانیشتنی په‌رله‌مان خه‌ڵاتی تایبه‌ت و رێزلێنان ببه‌خشن به‌پارێزه‌ری دۆسییه‌ی تانه‌ له‌یاساى ژماره‌ 4ی ساڵی 2019 له‌دادگای باڵای فیدراڵی.

دواتر هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، بیرۆكه‌ی په‌رله‌مانتار كاروان عبدالرحمن عبدالله په‌یوه‌ست به‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافكردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان خرایه‌روو، له‌وباره‌یه‌وه‌ ناوبراو رایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و داهات و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێـت و بۆ رای گشتی و په‌رله‌مانتاران روونبكرێته‌وه‌"، راشیگه‌یاند: "سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و سیاسه‌تی ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم له‌شێوازی گرێبه‌ستی هاوبه‌شییه‌و له‌رووی ژێرخان و ئابوورییه‌وه‌ خزمه‌تی زۆر و باش پێشكه‌ش ده‌كات و له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌بێت ئێمه‌ سیاسه‌تی به‌رێوه‌بردنی نه‌وتی جیابكه‌ینه‌وه‌ له‌داهات و شه‌فافییه‌ت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم كێشه‌ی تێدا هه‌یه‌ سیاسه‌ته‌ نه‌وتییه‌كه‌ نییه‌ زیاتر له‌شه‌فافییه‌ت و چۆنییه‌تی دابه‌شكردن و كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانییه‌تی كه‌ پێویسته‌ روونترو زانیاریی زیاتر له‌باره‌وه‌ بخرێنه‌ڕوو".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكرنه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی له‌باره‌ی‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافكردنی نه‌وت له‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ بۆ چاره‌سه‌رییه‌كانی ناشه‌فافییه‌ت و پێشخستنی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌وا پێشنیاز ده‌كه‌ین سوود له‌هه‌ردوو ئه‌زموونی نه‌رویژی و ئالاسكا وه‌ربگیردرێن، په‌رله‌مانتار كاروان عبدالرحمن ئه‌وه‌شی خسته‌روو یه‌كێك له‌چاره‌سه‌رییه‌ هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تی و هه‌نوكه‌ییه‌كان بۆ ئه‌و پرسه‌ جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ 22ی ساڵی 2007 تایبه‌ت به‌ سندوقی داهاتی نه‌وت وڤاز ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌ته‌نها له‌ رووی سیاسه‌تی شه‌فافییه‌ته‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ پێشده‌خات به‌ڵكو ئه‌مه‌ واده‌كات چاودێریكردنی داهاته‌كانی نه‌وت به‌ته‌واوه‌تی بۆ ژێر كۆنترۆڵی په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى كار كه‌ بریتی بوو له‌ دانان و ئالوگۆڕكردنی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان و پێكهێنانی (4) لیژنه‌ی هه‌میشه‌ییی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌كانی (28، 29، 34) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ناوی په‌رله‌مانتاران به‌پێی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراو به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و ئه‌ندامییه‌تییان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

دوا خاڵیش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ ئه‌و پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ى خواره‌وه‌ به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (79 و 80 و 82)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان (پێشنیازی یاسای (پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌ قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازه‌یاسای بیمه‌ی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازه‌بڕیارى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ ئه‌نجامدراو دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌جیا ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌نمه‌نده‌كان و په‌رله‌مانتاران كران بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.

سه‌باره‌ت به‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م پێشنیازه‌بڕیارى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێم، سه‌رۆكی په‌رله‌مان روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان وه‌ڵامی حكومه‌ته‌مان له‌باره‌ی ته‌حمولكردنی بارگرانیی دارایی پرۆژه‌كه‌ به‌ئه‌رێنی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ورده‌كاری پێشنیاز ده‌كه‌ین به‌ده‌ر له‌ماوه‌ی ته‌رخانكراو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌حكومه‌ت بدرێت بۆ هه‌ر زیادكردن و پێشنیازی نوێ له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ دوای ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆ پێشنیازه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

به‌مشێوه‌یه‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.