نێچیرڤان بارزانى پشتگیریى هه‌رێم بۆ سه‌قامگیریى عێراق دووپات ده‌كاته‌وه‌

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ به‌غدا و دواى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان، گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر


نێچیرڤان بارزانى به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای هه‌رێم ئه‌مرۆ گه‌یشته‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیى عێراقى فیدراڵ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كانی كۆبووه‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانى له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ به‌غدا، جه‌ختى له‌ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌قامگیریى ئه‌منى و سیاسیى عێراق كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌ر هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى پێویست له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ڕووداوه‌كان و دۆخى عێراق كاریگه‌رى به‌سه‌ر ته‌واوى وڵات به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌مووان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ڵبگرن.

له‌ درێژه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/11/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى، به‌ جیا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى حیكمه‌ى نیشتمانى‌، هادى ئه‌لعامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى ئه‌لبینا‌و، د. نه‌سسار ئه‌لڕوبه‌یعی، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی سیاسیی ڕه‌وتى سه‌در و شاندی یاوه‌ری، نوورى ئه‌لمالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى ده‌وڵه‌تى یاسا و ئه‌یاد عه‌لاوى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى نیشتمانى، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا دۆخى عێراق به‌گشتى و گرنگیى خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكى واقعیانه‌ بۆ دۆخ و قۆناغه‌كه‌، خۆپیشاندانه‌كان و هۆكار و لێكه‌وته‌كانى، چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى داوا ڕه‌واكانى هاووڵاتیان، پێشبینیى داهاتووى سیستم و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ گرنگیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نیوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌كاندا كرایه‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و شاندێكى كه‌ له‌ به‌ڕێزان مسته‌فا سه‌ید قادر و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگرانى سه‌رۆك و فه‌وزى هه‌ریرى، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوون، بۆ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیى عێراقى فیدراڵ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان، سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ به‌غدا و دواى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان، گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر.

 

nb-baghdad1-1024x606.jpeg
nb-baghdad3-1024x558.jpeg
nb-baghdad5-1024x669.jpeg