Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 11:58

پۆلیسی هه‌ولێر: ژن و مێردێک بە تاوانی دزیکردن دەستگیرکران

پۆلیس: به‌بریاری دادوه‌ر هه‌ردووتۆمه‌تبار بەندكران بە پێی مادەی 444 له‌ یاسای سزادانی عێراقی
کوردستان TV
100%


به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هه‌ولێر له‌هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌تۆری كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یس بووك بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌  ژن و پیاوێكیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ سێ هه‌زار و 400 دۆلار له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن و 400 هه‌زار دیناری عیراقی و 13 مسقاڵ ئاڵتوونیان دزیبوو.

 پۆلیسی هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت ، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی خەبات، بە بوونی تاوانێکی دزیکردن لە سنووری بنکەکەیان، پۆلیس دەستبەجێ دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردەوە و توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرا بکات و دەستگیریان بکات.

 فه‌لاح که‌مال که‌ریم، ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خەبات رایگه‌یاندووه‌ ، كه‌ دوای ئاگادارکراینەوە بە بوونی رووداوێکی دزیکردن لە سنووری بنکەکەمان ئێمەش گەیشتینە شوێنی رووداو دەستکرا بە لێکۆڵینەوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و وەرگرتنی زانیاری توانیمان ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرابکەین و دەستگیریان بکەین.

 ناوبراو ده‌شڵێت ،  تۆمەتباران بەناوی (ع.خ.ع)، تەمەن 31 ساڵ، (چ.ف.ا)، تەمەن 19 ساڵ، دوای دەستگیرکردنیان دانیاننا بەتاوانەکەیان کەوا هەڵسابوون بە دزینی بڕی سێ هه‌زار و 400 دۆلاری ئەمریکی، له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن و 400  هەزار دیناری عیراقی و 13 مسقال زێر لە دراوسێی خۆیان لە ناحیەی رزگاری.

 له‌كۆتادا رایده‌گه‌یه‌نن ،  كه‌ پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوه‌و رەوانەی بەردەم دادوەر کراون، دادوه‌ر بڕیاریدا بەبەندکردنی هەردوو تۆمەتبار بە پێی مادەی 444 له‌ یاسای سزادانی عیراقی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.